بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوە فەرمییەكان بۆ جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی ستراتیجیی گەورە لە كەرتی ڕۆشنبیری و كولتووری لە هەولێری پایتەخت دەستیان پێ كرد.
شەعبان چالی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە قۆناغەكانی كارەكانی پڕۆژەكە لە نێو پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، هەردوو پڕۆژەكەی بەسەركردەوە.
پڕۆژەی یەكەم بریتییە لە دروستكردنی گەورەترین گەلەری هونەری لەسەر ئاستی ناوچەكە كە بە گوژمەی سێ ملیار و 55 ملیۆن و622 هەزار دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەكرێت و دەبێتە مەڵبەندێكی جیهانی بۆ نمایشكردنی داهێنانی كارە هونەرییەكانی هونەرمەندان، هاوكات پڕۆژەی دووەم بریتییە لە بونیادنانی مۆزەخانەیەكی هاوچەرخی تایبەت بە جینۆسایدی ئەنفال، كە پڕۆژەكە قۆناغی زۆری بڕیووە و ئێستە لە قۆناغی كۆتاییدایە.
ئەم پڕۆژەیە وەك ناسنامەیەكی كولتووری، مرۆیی و مێژوویی، دەبێتە بەڵگەیەكی زیندوو بۆ ناساندنی ئەو تاوانە گەورەیەی ئەنجامدراوە.

































































