ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی “بێ ئارامی”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، “لەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە ئازاری دەرونی، بێ ئاسوودەیی و ئەو هەستەی کە زۆرێک لە خەڵک لە سەردەمی ئێستادا تێیدا دەژین بخەمەروو.”
ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد گوتی: ئەو بەرهەمە نوێیەم لە شیعری ئەحمەد هەردییە و برزۆ ئیبراهیم کاری ئاواز و رێکخستنی موزیکەکەی بۆ داناوە، هەروەها تێکەڵکردن و کۆتایی پێهێنان بەدەنگ لەلایەن دیار دلاوەر بۆی کراوە و برزۆ ئیبراهیم مۆنتاژی بەرهەمەکەی کردووە و من زۆر سوپاسی دەکەم کە هەوێنی دروستکردنی ئەو بەرهەمە نوێیەم بوو.”
ماهیر ئەمین باس لە چیرۆکی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت، “گۆرانی “بێ ئارامی”، هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی هەستی مرۆڤێک کە لە ناو کۆمەڵگەدا بە تەنیا ماوەتەوە. لەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە ئازاری دەروونی، بێ ئاسوودەیی و ئەو هەستەی کە زۆرێک لە خەڵک لە سەردەمی ئێستادا تێیدا دەژین بخەمەروو. پێم وایە مرۆڤ، سەرەڕای ئەوەی لەناو خەڵکدایە، بەڵام هێشتا دەکرێت بە تەواوی هەست بە تەنیایی و بێ ئارامی بکات.”
ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1973 لە رواندز لەدایکبووە. خاوەنی چەند ئەلبووم و بەرهەمێکی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.

































































