زاری کرمانجی
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لە چوارچێوەی پاراستنی سامانی گشتیدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بەسەر 375 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە کە پەیوەستە بە دۆسیەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان دامەزراوە ئەمنییەکانی بەغداد و هەولێر دێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکارانی ناوچەکە.
بەگوێرەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بڕی 358 کیلۆگرام لەو زێڕە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی دادوەر فایەق زێدان گێڕدراوەتەوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 17 کیلۆگرامی تر لە لێکۆڵینەوەیەکی جیاوازدا کە کۆی گشتی زێڕەکەی گەیاندووەتە 375 کیلۆگرام.
تەواوی زێڕەکە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی خەزێنەی بانکی ناوەندیی عێراق کراوە؛ ئەم ڕێکارەش بەشێکە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن کە ئێستا لەلایەن دادگاوە ڕاگیراوە.

































































