زاری كرمانجی-دیانا:
دانیشتووانی گەڕەكی سەرووچاوەی دیانا لە سنووری قەزای سۆران، بەتایبەت ئەو ماڵانەی نزیك یاریگەی تۆپی پێ نیگەرانن لەوەی كە چەند ساڵێكە دیوارێكی پاڵپشت لە شەقامێك درووست كراوەو بەهۆی نەبوونی بەربەستی ئاسنین لەسەر دیوارەكە جێی مەترسیە.
وەك دانیشتووانی گەڕەكی سەرووچاوەی دیانا بۆ زاری كرمانجی باسی لێوەدەكەن، چەند ساڵێكە دیوارێكی پاڵپشت لە شەقامێكی سەرەكی لە نزیك یاریگەی تۆپی پێی سەروچاوە درووستكراوە، كەچی بەهۆی دانەنانی بەربەستی ئاسنین لەسەر دیوارەكە، مەترسی زۆری لەسەر ئەو ماڵانە درووست كردووە كە كەوتونەتە خوار دیوارەكە لە ئەگەر لادانی ئۆتۆمبێل و بەربوونەوەی شتی دیكە لەسەر دیوارەكە، هەروەها مەترسی زۆریشی هەیە لەسەر كەوتنە خوارەوەی منداڵان، چونكە بەرزای دیوارەكە لە هەندێك شوێن بە قەد ستتوونێكی كارەبا دەبێت”.
ئاماژەش بەوەدەكەن: ” بۆ چارەسەری ئەم گرفتە چەندین جار داواكاری ئاراستەی ناحیەو لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنووری ناحیەی دیاناو سۆران كراوە، كەچی تا ئێستا كاری جددی لەسەر نەكراوە لە كاتێكدا لە نزیكەوە سەردانی شوێنەكەشیان كردووە، داواكارن هەرچی زووە چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت تا هیچ رووداوی نەخوازراوی لێنەكەوتۆتەوە.