ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
پێگەی مێدیکاڵ نیوز تودەی (Medical News Today) ئاشکرای دەکات، یەکەم ڤاکسینی مرۆڤ کە بە ژیری دەستکرد (AI) دیزاین و پەرەپێدراوە، لەلایەن توێژەرانی زانکۆی کامبریج دروست کراوە و قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە. بەپێی زانیارییەکان، ئێستا ڤاکسینەکە چووەتە قۆناغی دواتری تاقیکردنەوەی کلینیکی، بۆ ئەوەی ئاستی کاریگەری و پارێزگارییەکەی بە شێوەیەکی فراوانتر هەڵسەنگێندرێت.
ئەوەی ئەم ڤاکسینە لە ڤاکسینە باوەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە لەبری وەڵامدانەوە بە گۆڕانکارییە ئێستاکانی ڤایرۆس، بە شێوەیەکی پێشبینیکارانە دیزاین کراوە بۆ ئەوەی دژی گۆڕانکاری و جۆرە نوێکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگەر بێت.
زاناکان بۆ گەیشتن بە ئەم ئامانجە، ژیری دەستکردیان بەکارهێنا بۆ شیکردنەوەی ژمارەیەک لە ڤایرۆسەکانی خێزانی کۆرۆنا و دروستکردنی “سوپەر ئەنتیجین”ێک. ئەم ئەنتیجینە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی ڤایرۆسەکانی ئەم خێزانە دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی پاراستنی باشتر لە دژی گۆڕانکارییەکانی ئێستا و داهاتووی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هەروەها، ئەم ڤاکسینە بە شێوازی باوی دەرزی لێ نادرێت، بەڵکو سیستەمی PharmaJet Tropis بەکاردەهێنێت، کە بە فشاری شلە ڤاکسینەکە دەگەیەنرێتە ژێر پێست بەبێ بەکارهێنانی سرنجی ئاسایی.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش، توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە هێشتا تاقیکردنەوەی فراوان ئەنجام بدرێت، چونکە قۆناغی یەکەمی ئەزموونەکە تەنها ٣٩ بەشداربووی تێدا بەشداربوون.

































































