مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا تایبەتمەند بە دۆسیەكانی دەستپاكی ڕایگەیاند، بڕیاری دادوەری دەرچووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵك و كارگەكان بە بەهای 69 ملیار دینار لە دۆسیەی بریكاری وەزیری نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ـى تەممووزی 2026، دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، “بڕیاری دادوەری دەرچووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی نۆ موڵكی بازرگانی و سێ كارگەی ئاردی مووسڵ، بە كۆی گشتی بەهای نزیكەی 69 ملیار دیناری عێراقی، جگە لە حەوت بارهەڵگری گواستنەوەی مۆدێرن كە هەر یەكەیان بەهای 200 هەزار دۆلارە، لە دۆسیەی بریكاری دەستبەسەركراوی وەزیری نەوت بۆ پاڵاوتن.”
دادگاكە ئاماژەی بەوەش كردووە، “بەهای بازاڕی ئەو موڵكە بازرگانییانەی كە دەكەونە ناوەندی شارەوە نزیكەی 45 ملیار دینارە، لە كاتێكدا كارگەكانی ئاردیش بە 24 ملیار دینارە”، ڕوونیشیكردووەتەوە “تۆمەتبارانی هەڵهاتوو ئەو موڵكانەیان بەناوی كارمەندەكانیانەوە تۆماركردووە بۆ شاردنەوەی بنەچەی نایاسایی خۆیان”.
































































