محەممەد مەمحوود- سۆران :
کاتژمێر 5 ی بەیانی ئەمڕۆ لە لایەن تیمەکانی ئەندازیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی سۆران کاری رووپێوی بۆ پارکی نیشتمانی سۆران ئەنجامدرا بۆ ئەو بەشی لە پارکە زیادکرابوو، پێشتر رووبەری پارکی نیشتمانی سۆران کەمتر بوو ئێستا لە سەر رووبەری( ٤٤٤)دۆنم زەوی گەورەترین پارک لە سۆران دروست دەکرێت.
لای خۆیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند” لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی پارکی گەورەی سۆران؛ هەفتەی ڕابردوو هاوڕێ لەگەڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی پێگەی دیاریکراوی پڕۆژەکەمان کرد لە سنوری قەزای ناوەندی سۆران.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەشداوە ” ئەم پڕۆژەیە ئێستا لە قۆناغی تاوتوێکردن و پێداچوونەوەی سەرەتادایە. لە بەسەرکردنەوەکەماندا، لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕی ئەندازیاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە نزیکەوە لەسەر شوێن، دیزاین و چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و قۆناغەکانی داهاتووی ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد، پارکەکە لەسەر رووبەری (٤٤٤) دۆنم دروست دەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی بەڕێز سەرۆکوەزیران گرنگییەکی تایبەت بە پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەدەن.
تەواوبوونی ئەم پارکە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و جوانترکردنی سیمای شارەکەمان.

































































