مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق؛ لە ڕاگەیاندراێكی دا دژایەتیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕاگەیاند و هۆشداریش دەدات لە هەر جۆرە ڕێككەوتنێك كە سەروەریی و ئابووریی وڵات بخاتە ژێر هەژموونی ئەمەریكاوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی مقاوەمەی ئیسلامی هاتووە “لە كاتێكدا كە ئامێری جەنگی زایۆنی-ئەمریكی بەردەوامە لە كوشتارگە لە عێراق، ئێران، لوبنان، فەلەستین و یەمەن، كەچی شاندێكی حكومیی عێراقی دەچێتە واشنتن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا، بۆیە بەرەی مقاوەمە بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی مەبدەئی خۆی بۆ ئەم سەردانە ڕادەگەیەنێت و ئەم هەنگاوە لە كاتێكدایە كە “دڵی ئازادیخوازانی جیهان” بەهۆی تاوانەكانەوە خەمبارە.”
بەرەی مقاوەمە، هۆشداریش دەدات لە گۆڕینی داگیركاریی سەربازی بۆ داگیركاریی ئابووری و ڕایدەگەیەنێت كە دژی هەر جۆرە قۆرخكاری و هەژموونێكی ئابووریین كە چارەنووسی عێراق بخاتە ژێر دەستی وڵاتانی “خۆبەزلزان”.

































































