زاری کرمانجی
شوانکارێکی تەمەنی 27 ساڵ، لە کوێستانی خنێرە لە دەڤەری برادۆست، بە گوڵەی هێزەکانی پاسدارانی ئێران کوژرا.
بە پێی زانیارییەکانی دەست زاری کرمانجی کەوتووە، ڕووداوەکە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بووە، کاتێک ڕێباز سلێمان هەرکی کە پیشەی شوانکار بووە، لە نزیک پایگاکانی ئێران لە ناوچەی خنێرە سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری و مەڕداری خۆی بووە، بە بیانووی بەزاندنی سنوور لەلایەن پاسدارانی ئێران تەقەی لێکراوە و دەکوژرێت .
جیا لە کوژرانی شوانکارەکە، سوپای پاسدارانی ئێران هەر بە بیانووی بەزاندنی سنوور، 850 سەر مەڕ و ئاژەڵ ئاودیوی ئێران کردووە و بێ سەر و شوێن کراون .
شەوی ڕابردوو، پەیامنێری زاری کرمانجی لە سیدەکان وردەکاری کوژرانی ئەو شوانکارەی بڵاوکردەوە، بەڵام لەلایەن کەس و کاری هەواڵی کوژرانی ڕەتکرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ پێیان ڕاگەیاندووە کە کوژراوە و تەرمەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە حاجی ئۆمەران وەری دەگرنەوە .
ڕێباز سلێمان ساڵح لە دایکبووی ساڵی 1999 و دانیشتووی ناحیەی کۆڕێیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەمەبەستی کاری مەڕدرای و ئاژەڵداری ڕووی لە کوێستانی خنێرە لە دەڤەری برادۆست کردووە و ڕۆژی هەینی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران تەقەی لێ دەکرێت و دەکوژرێت .

































































