پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کە ئامانجی سەرەکیی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. بڕیارە ئەم پڕۆژەیە تاکوو کۆتایی ساڵی 2026 بگاتە سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان و ڕووناکی بە تەواوی ناوچەکان ببەخشێت.
لە چوارچێوەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، تا ئێستا زیاتر لە 5 ملیۆن و 469 هەزار و 900 هاووڵاتی سوودمەند بوون و کارەبای 24 کاتژمێرییان پێ گەیشتووە. ئەمەش لە ڕێگەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکەوە بووە بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 249 هەزار هاوبەشی ماڵان.
هاوکات، پڕۆژەکە کەرتەکانی دیکەیشی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بووژانەوەی بازاڕ و کارگە و کارخانەکان، بە جۆرێک، زیاتر لە 153 هەزار موڵکی بازرگانی، لەگەڵ زیاتر لە 54 هەزار هاوبەشی پیشەسازی و کشتوکاڵی کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە.
کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پڕۆژەکە تەنیا لە پێدانی کارەبادا کورت نابێتەوە، بەڵکوو کاریگەریی گەورەی ژینگەیی و ئابوورییشی هەبووە. بەهۆی فراوانبوونی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، زیاتر لە 6 هەزار مۆلیدە لەکار خراون و کوژاونەتەوە. لە ڕووی داراییشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 15% بۆ 50% پاڵپشتیی دارایی پڕۆژەکەی کردووە بۆ ئەوەی تێچووەکەی لەسەر هاووڵاتییان کەم بێتەوە.
سوودە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە بۆ دانیشتوان بریتین لە بەدەستهێنانی کارەبایەکی بەردەوام و خەرجکردنی پارەیەکی کەمتر. هەروەها کوژانەوەی مۆلیدەکان دەبێتە هۆی پاککردنەوەی ژینگە و دابینکردنی ڤۆڵتییەیەکی جێگیر و گەرەنتییەکی بەهێزیشە بۆ سەلامەتیی ئامێرە کارەباییەکانی ماڵان.
ئێستا و لە ئەنجامی هەنگاوەکانی ئەم پڕۆژەیە، ڕێژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 90%.

































































