لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پشتگیریکردنی هاووڵاتییان، پرۆسەیەکی فراوانی ڕەخساندنی هەلی کار، دامەزراندن، و هاندانی پڕۆژە بچووکەکان جێبەجێ کراوە.
کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پشکی شێری لەم هەنگاوانەدا بەركەوتووە، بە جۆرێک ٤٢ هەزار و ٣٧ مامۆستای وانەبێژ گرێبەستیان بۆ کراوە. لە هەمان کاتدا، پێنج هەزار و ٩٣ مامۆستای گرێبەست بە شێوەی هەمیشەیی دامەزراون. هەروەها، دوو هەزار و ٧٨٧ دەرچووی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵانی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦) و (٢٠١٦-٢٠١٧) دامەزراون.
لە سێکتەرەکانی تەندروستی و ئەمنی و کارگێڕیشدا هەنگاوی گرنگ نراون، لەوانە دامەزراندنی هەزار و ٤٠٣ پزیشک. سەرباری ئەوەش، ١٠ هەزار و ٢١٢ پاسەوانی گرێبەست وەک کارمەندی هەمیشەیی دامەزراون.
لە بواری کارگێڕیشدا، هەشت هەزار و ٧٧٨ فەرمانبەری گرێبەست بە هەمیشەیی دامەزراون و پلەبەرزکردنەوە بۆ هەزار و ٥٩٩ ئەفسەر پەسەند کراوە.
كابینەی نۆیەم گرنگییەکی تایبەتی بە توێژە پێویستەکان داوە، بە جۆرێك مووچەی ١٩ هەزار و ٩١٨ کەس لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە. لە پاڵ ئەوەشدا، مووچەی چوار هەزار و ٦٧٣ زیندانیی سیاسی پەسەند کراوە.
لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانەوە، زیاتر لە ١٥٠ هەزار هەلی کار ڕەخسێندراوە. هەروەها کارگە پیشەسازییەکان بوونەتە هۆی ڕەخساندنی زیاتر لە ٢٥ هەزار هەلی کار. لە بواری پاراستنی ژینگەشدا، ٥٦٧ دەرچووی ژینگە لە کەرتی تایبەتدا دامەزراون.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لە دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران و پڕۆژەکان، کە تێیدا ٢٤١ هەزار و ٥٢ پڕۆژە دەستەبەرییان بۆ کراوە و کۆی گشتی گەیشتووەتە ٣١٩ هەزار و ٦١٢ پڕۆژە. هەروەها ٣٥ هەزار و ٦١٦ کرێکاری ناوخۆیی و بیانی دەستەبەر کراون (ضمان) کە کۆی گشتییان گەیشتووەتە ٦٣ هەزار و ٨٤١ کرێکار. لە بواری پەرەپێدانی تواناکانیشدا، هەشت هەزار و ١٣٦ کەس لە ڕاهێنانی پیشەیی سوودمەند بوون.
بۆ پشتگیریکردنی گەنجان و هاندانی کاری سەربەخۆ، ١٣ هەزار و ٣٢٨ گەنج لە سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان سوودمەند بوون، کە قەرزی بێ سوویان تا بڕی ١٥ ملیۆن دینار پێدراوە. هەروەها لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی (گەشانەوە)، بڕی ٢.٧٦ ملیار دینار وەکوو قەرزی درێژخایەن بەسەر ٢٥ پڕۆژەی مامناوەند و بچووکدا دابەش کراوە.

































































