وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، نوێترین پێشهاتەکانی کەرتی وزە و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. رایدەگەیەنێت کە پڕۆژەی ڕووناکی لە قۆناخی کۆتاییدایە و بووەتە هۆی کەمکردنەوەی 40%ی بەکارهێنانی کارەبا.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا هەروەها سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، رایگەیاند، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی لە کابینەی نۆیەمدا رووبەڕووی حکوومەت بوونەوە، لەوانە قەیرانی کۆرۆنا و راگرتنی هەناردەی نەوت، بەڵام توانراوە ژێرخانێکی بەهێزی کارەبا بە بڕی 8250 مێگاوات دابین بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لەم کابینەیەدا 1974 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد کراوە.
وەزیری کارەبا ئاشکرای کرد، پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتووەتە رێژەی 85%ی جێبەجێکردن و لە کۆی ملیۆنێک و 950 هەزار هاوبەش، ئێستا ملیۆنێک و 500 هەزار هاوبەش کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە. گوتیشی: “ئەم پڕۆژەیە بووەتە هۆی ئەوەی بەکارهێنانی کارەبا بە رێژەی 40% کەم بکاتە؛ بۆ نموونە ئەو ناوچانەی پێشتر 100 مێگاواتیان بەکار دەهێنا، ئێستا تەنیا 60 مێگاوات بەکار دەهێنن.”
سەبارەت بە پێوەری زیرەک، وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە بە گوژمەی 253 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە و 85%ی هاووڵاتییان سوودی لێ دەبینن، کە ئەمەش کێشەیەکی 34 ساڵەی کەرتی کارەبای چارەسەر کردووە.
کەمال محەمەد هۆکاری هەندێک لە پچڕانەکانی کارەبای بۆ فشاری سەر کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاندەوە و ڕایگەیاند، پڕۆژەی راکێشانی بۆری گازی کۆرمۆر بە گوژمەی 591 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە. هەروەها هێڵێکی نوێی گواستنەوە لە نێوان کۆرمۆر و چەمچەماڵ بە درێژایی 63 کیلۆمەتر لە 95%ی تەواو بووە و تا مانگی داهاتوو دەکەوێتە گەڕ، کە فشارەکانی سەر کۆمپرێسەرەکان ناهێڵێت و کێشەی پچڕان چارەسەر دەکات.

































































