مافپەروەر عەباس برادۆستی
کاتێک دادپەروەری دەکەوێت ئەنجام مانای خۆی لەدەست دەدات. تاقیکردنەوە تەنها پرسیار و وەڵام نییە، تاقیکردنەوەی متمانەی نێوان دەسەڵات و نەوەی داهاتووشە. ئەگەر قوتابی باوەڕی وابێت کە هەمووان لە هەمان خاڵەوە دەست پێ ناکەن، ئەوا ئەنجامەکان هەرچەند بە ژمارە دروست بن بەڵام بە واتا نادروستن.
یاسا بۆ ئەوە نەهاتووە کە هەمیشە بڕیارەکان بپارێزێت، هاتووە دادپەروەری بپارێزێت. بۆیە، هەر بڕیارێک کە متمانەی گشتی لەناوببات پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە نەک تەنها بۆ چارەسەری کێشە، بەڵکو بۆ پاراستنی ڕێزی دامەزراوە.
لەوانەیە هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوەی قوتابیانی پۆلی ١٢ بۆ هەندێک کەس قورس بێت، بەڵام جاروبار قبوڵکردنی هەڵە دادپەروەرترە لە بەردەوامبوون لەسەر ئەنجامێک کە متمانەی خەڵکی نەهێشتووە. چونکە کاتێک متمانە دەڕووخێت هیچ سەرکەوتنێک ناتوانێت شوێنی بگرێتەوە
دادپەروەری ئەوە نییە هەمووان دڵخۆش بن، دادپەروەری ئەوەیە هەمووان دڵنیابن کە بە یەک چاو سەیری مافی هەمووان کراوە.
لە کۆتاییدا، ئەگەر ئەم بنەمایە بلەقێت دووبارەکردنەوەی هەنگاوێکە بۆ پاراستنی شکۆی یاسا و متمانەی کۆمەڵگە نەک تەنها بۆ گۆڕینی ئەنجام.































































