دڵزار حەسەن
ـ بە هۆی ئەو کاریگەرییانەی تەکنەلۆجیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دروستیان کردبوو، ماوەیەکی زۆر میدیای کاغەزی بەتەواوی بێ خوێنەر و بێ بازاڕ مایەوە، بەڵام چەند ساڵێکە دووبارە مۆدێلی میدیای کاغەزی گەڕاوەتەوە و ئێستا چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیەک دەردەچن.
ـ پێش ئەو مێژووە میدیای کاغەزی لە هەرێمی کوردستان گەلەک زۆر بوو، هەر کەسێک دوو وشەی بزانیایە بنووسێ و بخوێنێتەوە، ڕۆژنامەیەک یان گۆڤارێکی دەردەکرت. هێندە زۆر ببوون، ئیدی بەتەواوی کاری خراپ و جددی تێکەڵببوون، کەس نەیدەتوانی لێکیان جیابکاتەوە.
ـ چەند ساڵێکە دۆخەکە باشتر بووە و میدیای کاغەزی خوێنەڕی، بۆ گەڕاوەتەوە. یەکێک لە خاڵە باشەکانی جارێکی دیکەی، زیندوبوونەوەی میدیای کاغەزی ئەوەیە، کە خوێنەر چیتر بەر گۆڤار و ڕۆژنامەی کرچ و کاڵ ناکەوێت.
ـ ئەوانەی ئێستا میدیای کاغەزیش بەڕێوە دەبەن، تا سنوورێک دەتوانین بڵێین، کەسانێکی خاوەن ئەزموون و دڵسۆز بەکارەکە دەری دەکەن. یانی کەسانێکن گەر لێیان بپرسی، ئەوە دەزانێ بۆ گۆڤار یان ڕۆژنامە چاپ دەکات، بەلای کەمییەوە دەزانێ خەریکی چییە.
ـ بەهەندێ تێبینییەوەش، لەسەر هەندێک لەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە کە هەمە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەشی زۆریان بڵاوکراوەی جددین.
ـ ئەوانەی لێرەو لەوێش بە زەعیفی و کرچ و کاڵیش ماونەتەوە، زیاتر دەگەڕێتەوە، بۆ پەلەپەلکردن و کەم ئەزموونی سەرنووسەر یان بەشێک لە ستافەکەی، کە تەنها لەپێناوی تێپەڕکردنی ژمارەی دەرچوون، گۆڤارکە یان ڕۆژنامەکەیان دەردەچێت.
ـ تێبینی من ئەوەیە ناکرێ لە دۆخی ئێستا، دوای ئەو کارەساتەی بەسەر میدیای کاغەزی داهات و ئێستاکانێ، کە مۆدێلەکەی گەڕاوەتەوە، تۆش لەولاوە بێیت گۆڤارێکی کرچ و کاڵ دەربکەیت، چونکە بازاڕەکە، خوێنەرە جددیەکە، لێت قبوڵناکە دووبارە ژەهر و بابەتی سواو و دیدار و بەرهەمی دووبارە و بێ کەڵکی دەرخوارد بدەیت.
ـ خوێنەری ئێستا بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ چاپکراوەکانی ئێستا دەکات، بە هەوەنتە بەو گۆڤارە ناڵێت باش یان خراپ. هەڵسەنگاندنەکەی زانستییانەیە و بەپێی ناوەڕۆک و مسداقییەتی بابەت و نووسەرەکانی بڕیار دەدات، بۆیە بەکەم سەیرکردنی خوێنەر خۆکوشتنە.
ـ میدیای کاغەزی لەمەودووا تاسەر ناتوانێ، خوێنەر بە فەقیرحاڵ بزانێ و هەرچی هەیە دەرخواردی بدات.
































































