زاری کرمانجی – مێرگەسۆر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەینێت ” ماوەیەك بوو كاركردن لە پرۆژەی ستراتیژی ئاوی بارزان كە 51 گوندی دەڤەرەكە لێی سوودمەند دەبن كاركردن تێیدا وەستابوو، ئێستا دووبارە دەست بە كارەكانی كراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەی 615 ڕۆژدا ئەو بەشەی تاكوو ئێستا تەواو نەكراوە، تەواو بكرێت.
پێشتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بە دواداچوون و دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانی پرۆژەكە بە یاوەری ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پرۆژەكەی لە دەڤەری بارزان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری دەڤەرەكە و ئەندازیارانی پرۆژەكە و بەرپرسان و لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكە كۆبووەوە و جەختی لە دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانی پرۆژەكە كردەوە.
پرۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان كە ئێستا دەست بە كارەكانی كراوەتەوە، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە زیاتر لە 138 ملیار دینار لەسەر بودجەی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەواو دەكرێت. پرۆژەكە لە سەعاتێكدا توانای دابینكردنی 1200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتوانی ئەو گوندانەی دەڤەری بارزان هەیە، دوای تەواوبوونی كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە لەو گوندانە چارەسەر دەكات.