زاری کرمانجی-سۆران
ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، هیچ بیانوویەكی سیاسی، یاسایی و نیشتمانی بۆ كارا نەبوونی پەرلەمان نەماوە، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كە نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوەی مێژووییدان بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت:” ئەگەر هەر لایەنێكی تر بەپێی هەر رێككەوتنێك یان رێكارێكی تر خۆی بە خاوەن زۆرینە یان هاوشانی كورسییەكانی پارتی دەزانێت، با بێتە ناو پەرلەمانێكی كاراوە و لەوێدا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەكان بدەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن هەورامی بە جیا لەگەڵ كونسولی گشتیی ژاپۆن و راوێژكاری سیاسیی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و رای گەیاند، دوای 20 مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، پارتی وەك هێزی یەكەمی براوە سەرجەم هەوڵەكانی خۆی لە رێگەی كۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرەقۆڵی، پەیام، راگەیەندراو و پێكهێنانی لیژنەی گفتوگۆوە خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت و پەرلەمان كارا بێتەوە تا ئەركە دەستووری و یاساییەكانی خۆی جێبەجێ بكات.































































