زاری كرمانجی :
دوای هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمەریكا و ئێران بۆ سەر یەكدی، دۆخی ئەمنی لە ناوچەی كەنداو بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت.
بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران دوای هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر چەند ئامانجێكی دیاریكراو لە ناو خاكی وڵاتەكەی، بە توندی هۆشداری دا بە ئەمریكا و ڕایگەیاند “هێزەكانمان ئامادەن وەڵامێكی “توند و كوشندە” بەرامبەر بەو بە “دەستدرێژی و كردەوە تیرۆریستی” یە بدەنەوە.”
دەشڵێت “ئەو هێرشانەی ئەمریكا لە كاتێكدا ئەنجام دراون كە ئێران سەرقاڵی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی “سەركردەی شەهیدی ئوممەتی ئیسلامی” بووە،”
ئاماژەی بەوەش كردووە “سوپای ئەمریكا بەبێ ڕەچاوكردنی هیچ پابەندبوونێك، لە ڕێگەی دەستدرێژییەكی ئاشكراوە چەند ناوچەیەكی باشووری ئێرانی كردووەتە ئامانج.”
هاوكات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند “ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامیان داوە وەك كاردانەوەیەك بووە بۆ ئەو هێرشانەی ئێران كردبووییە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز و لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانیش لە میدیا فەرمییەكانی خۆیانەوە ڕایگەیاند “وەك وەڵامێك، هێزە ئاسمانی و دەریایییەكانیان لە ئۆپەراسیۆنێكی مووشەكی و درۆنیدا، 85 بنكەی سەربازیی ئەمریكایان لە كوێت و بەحرەین كردووەتە ئامانج.”































































