رێبوار حەمەلاو شوانی
تەبایی واتا یەكبوون، واتا كۆكردنەوەی هەموو هێزو تواناو، وزەی نەتەوەكەت لە باسك و مەچەكێكی ئەستوور كە بەرامبەر هەر دوژمن و ناحەزێ بە گەلەكەت وەستایەوە، یەكڕیزی واتا یەك گوتاری یەك بەرنامەیی كاركردن واتا تەبایی و یەك هەڵوێستی، بەپیێ هەموو بەڵگەنامە مێژووییەكان گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی ڕەسەن و خاوەن مافە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ هاتنە نێو كایەكانی سیاسی و حكومڕانی نوێیە و هیچ كاتێك وەك ئێستا كورد نەبووەتە خاوەن قەوارە هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكی هەریم ، بۆیە ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی لەم ماوەی حكومڕانی كوردستان كە دەسەڵات و هێزیان هەیە، بەڕاستی باشترین كار ئەوەیە كە دەرفەتەكان لە دەست نەدەین و گشت هەنگاوەكان لە پێناو بەرژەوەندی خاك و نەتەوەی خۆیان بقۆزنەوە و بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییەكان پاشگوێ بخەن و بەرەو ئەو ئامانجەی خۆیان چاوەرێن ئەویش دەوڵەتی كوردییە وەك هەموو گەل ونەتەوەكانی ناوچەكەو دەورووبەرمان .
وەك دەبینین ئاڵۆزییەكانی جیهان و دەوڵەتانی دڕاوسێمان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ و ئاڵۆزتر دەبێت و بێگومان كاریگەرییەكی خراپی بەسەر كورد دروست كردووە، هیچ لایەك وەك دۆست و بەرژەوەندی كورد دانانرێت، بۆیە حزب و لایەنە سیاسییەكان دەبێت پێكەوە خاڵە لاوازەكانیان پڕبكەنەوە، ئەویش بە یەكگرتن و یەكرێزی دیتە بوون، لە كاتێكدا بە داخەوە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان و دەسەڵاتدارانی كورد جگە لە بەرژەوەندی خۆیان و هێشتنەوەی دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەكانیان و بە هیچ شێوەیەك بیر لەو ئامانجە مێژووییەی خۆیان ناكەنەوە كە ئەویش بوون بە دەوڵەت بوونە، بۆیە هەریەكە بەلای خۆیەوە هەوڵی بەدەست هێنانی دەسەڵات دەدات و لە خەمی حزبەكەی خۆیەتی و دەیەوێت كایە سیاسییەكانی حزبەكەی سەربخات، بۆیە گەر بەم شێوەیە ئەم بیركردنەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كورد بمێنێ گەیشتن بە ئامانجە مێژووەكە دادەروخێت و سەربەخۆی بوون ئەستەم دەبێ.
بۆیە تا تەبا و یەكدەنگ نەبین و پێكە وە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان كۆنەبینەوە نەیارانمان و دوژمنەكانمان لێناگەرێن یەك چركەش خەون بە سەربەخۆیی بوون ببینین، كێشەی 17ی ساڵەی نێوان كوردستان و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونی دەسەڵاتدارانی بەغدا بە جێبەجێ نەكردنی بڕگە و ماددەكانی دەستوور و بێ باكیان بووە لە ئاست ماف و داخوازییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش هۆكار بووە تا كێشە و ئاستەنگەكان لە بڕی چارەسەر كردن قوڵتر ببنەوە و هەندێ كات بگاتە بنبەست، لە پێشەكی دەستووری هەمیشەیی عێراق هاتووە یەكپارچەیی خاكی عێراق بەندە بە جێبەجێ كردنی دەستوور، بە پێی دەستوور فەرز كراوە یەكپارچەیی خاكی عێراق پابەندە بە جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی دەستور، ئەوەی پەیوەندی بە مافی كوردەوە هەبێ یا پەیوەندی بە داخوازییەكانی خەڵكی بەسرە و موسڵ و شارەكانی ترەوە هەبێ، لە حاڵەتی مانەوەی عێراق بەو شێوەیە و پشتگوێخستنی ناوەڕۆكی دەستوور هەنگاوەكانی هەڵوەشانەوەی عێراق خێراتر دەبن و جگە لە هەرێمی كوردستان كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بە سەركەوتوویی ئەنجامدا ناوچەكانی تری عێراقیش لەوانە بەسرە و موسڵ پەنا بۆ ڕاپرسی بە هەرێم بوون ببەن.
بۆیە سەقامگیری بەغدا پەیوەندی بە نەرمی نواندنی بەرپرسانی عێراق هەیە بەرامبەر بە ماف و داخوازیە دەستورییەكانی كورد، ئێستا ئەو تێڕوانینە لە گوتاری بەرپرسانی عێراق بە ڕوونی هەستی پێ دەكرێ كە جێبەجێ كردنی ماف و داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان بەندە بە جێبەجێكردنی مافەرەواكانی گەلی كورد بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
هەموو هێزە سیاسییەكان لەم رەوشە هەستیارەدا دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی رەوایی گەلەكەمان و دەورووبەرماندا بكەن و هەموو لایەكمان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەزموونەكەمان و یەكدەستیش بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان، بۆیە بۆچارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكانمان نابێ پەنا بۆ كاردانەوە و رق و كینە بەرژەوەندییە تایبەتییەكان بەرین، بەڵكو دەبێ لەرێگەی لۆژیكی عەقڵەوە گرفتەكان بخەینەروو و ئینجا چارەسەرییەكانیشیان ئاسان دەبێت. بۆیە ئەوەی دەتوانێت مافەرەواكانی بەدەست بێنێت خودی گەلی كوردە بۆ خۆی ئەگینا دەبێت 100 ساڵی تر چاوەروان بین، چونكە هیچ لایەك و دەوڵەتێك كار بۆ بەرژەوەندی كورد و كوردستان ناكات و كەس لەگەڵ كوردا نییە هەمووان لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی خۆیان هەوڵ دەدەن ، یەكریزی و و هەنگاونان بە یەكەوە چارەسەری هەرە گەورەیی ئازادی بۆ بە دەستهێنانی مافی دەوڵەتبوونە .