كامەران ئییراهیم شێروانی
هێڵی بۆری نەوتی كەركووك–بانیاس كە لە ساڵی ١٩٥٢ وەك یەكێك لە گەورەترین پڕۆژە ئەندازیارییەكانی ناوچەكە دروست كرا، لە ئێستادا بۆ عێراق مانایەكی نوێی ستراتیژی وەرگرتووە. ئەم هێڵە وەك ئامرازێكی جیۆپۆلیتیكی بۆ فرەچەشنكردنی ڕێگا هەناردەكان و پاراستنی ئاسایشی وزەی وڵات سەیر دەكرێت.
عێراق لە ئێستادا بۆ هەناردەی نەوتی ناوچەكانی باكوور، بە شێوەیەكی سەرەكی وابەستەی یەك دەروازەی دیاریكراوە بەرەو بەندەرەكانی توركیا، ئەمەش وای كردووە هەر ناكۆكییەكی سیاسی یان بڕیارێكی یاسایی نێودەوڵەتی، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتەكانی دەوڵەت هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، نۆژەنكردنەوەی هێڵی بانیاس واتای دروستكردنی ڕێگایەكی ستراتیژیی جێگرەوەیە بۆ زیادكردنی هێزی بڕیاردانی بەغدا لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەكانیدا. بەتایبەت كە زۆربەی هەناردە نەوتییەكانی تری عێراق لە ڕێگەی تەنگی هورمزەوە دەگەنە بازاڕە جیهانییەكان؛ ناوچەیەك كە بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئیسرائیل، هەمیشە لەژێر مەترسیی پەككەوتندایە.
جگە لەم ڕەهەندە، كاراكردنەوەی هێڵی بانیاس وەك وەرچەرخانێك لە هاوكێشە ئابوورییەكانی ناوچەكە دەبینرێت. گەیاندنی ڕاستەوخۆی نەوت بۆ كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاست، پێگەی ستراتیژیی هەندێك لە ڕێڕەوە ئاوییە كلاسیكییەكان وەك نۆكەندی سوێس لە بازرگانیی وزەدا كەمدەكاتەوە، چونكە ڕێگری دەكات لە تێپەڕبوونی بڕێكی زۆری نەوت بەو نۆكەندەدا و تێچووی گواستنەوەش بۆ عێراق كەمتر دەكاتەوە. هەروەها ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی بەغدا كۆنترۆڵی ڕەهای بەسەر تەواوی نەخشەی هەناردەكردنی نەوتی باكووردا هەبێت و هەموو دەروازەكان لەژێر چاودێری ناوەندیدا بن.
لە ڕووی تەكنیكییەوە، عێراق پلانی هەیە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ٧ یان ٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا زیاد بكات. بەندەرەكانی باشوور لە داهاتوودا توانای لەخۆگرتنی ئەو هەموو بڕە زەبەلاحەیان نابێت، بۆیە نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی هێڵی بانیاس و كۆگاكانی كەناراوەكانی سووریا وەك پێویستییەكی لۆجستی بۆ داهاتووی پیشەسازیی نەوتی عێراق دەردەكەوێت تا بتوانێت لە بازاڕەكانی ئەورووپادا كێبڕكێ بكات.
بەڵام ئەم پڕۆژەیە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە؛ لە سەرووی هەموویانەوە سزاكانی “یاسای قەیسەر”ـی ئەمریكا لەسەر سووریا، كە هەر جۆرە وەبەرهێنانێك لەو وڵاتەدا ڕووبەڕووی سزای توند دەكاتەوە. هەروەها هێڵەكە كە لە ساڵی ٢٠٠٣وە پەككەوتووە، پێویستی بە ملیارەها دۆلار و كارێكی ئەندازیاریی قورس هەیە بۆ نۆژەنكردنەوە، جگە لە مەترسییە ئەمنییەكانی ناو خاكی سووریا . بۆیە باسكرنی نۆژەنكردنەوەی هێڵی بانیاس لەم كاتەدا، زیاتر وەك هەوڵێكی بەغدا دەردەكەوێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و كەمكردنەوەی وابەستەیی بە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام سەركەوتنی ئەم هەنگاوە بەندە بە گۆڕانكاریی گەورە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ڕەزامەندیی هێزە جیهانییەكان.
































































