مافناس – سەنار شێرۆكی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ـی تەمموزی ٢٠٢٦، بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێكی تایبەت لە شاری هەولێر، دەوڵەتی ئیتالیا بەرزترین نیشانی ڕێزلێنانی خۆی، كە “نیشانی ئەستێرەی ئیتالیا”یە، بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان. ئەم ڕێزلێنانە تەنها بریتی نییە لە مەدالیایەك یان ڕێوڕەسمێكی پرۆتۆكۆڵی، بەڵكو ددانپێدانانێكی فەرمییە بە ڕۆڵی كاریگەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بنیاتنانی پردی پەیوەندییەكی ستراتیژی لە نێوان هەولێر و ڕۆمادا. ئەم نیشانەیە، كە بە “فارس الصلیب اڵاكبر” ناسراوە و بەرزترین پلەی نیشانەكانی ئیتالیایە، دەری دەخات كە هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی وڵاتانی ئەوروپاوە، بەتایبەت ئیتالیا، وەك هاوبەشێكی جێگەی متمانە و فاكتەرێكی سەرەكیی سەقامگیری لە ناوچەكەدا سەیر دەكرێت.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا مێژوویەكی درێژخایەنی هەیە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە قۆناغی زۆر گرنگدا تێپەڕیوە. لە قۆناغی بڕیاری مێژوویی ساڵی ٢٠١٥دا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئیتالیا لە هەولێر بۆ كونسوڵخانەی گشتی، تاوەكو سەردان و دیدارە بەردەوامەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەركردە باڵاكانی ئیتالیا، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پەیوەندییەكان لە چوارچێوەی دیپلۆماسییەتێكی نەرمەوە گواستراونەتەوە بۆ هاوبەشییەكی هەمەلایەنە. بەتایبەت دوای ئەو دیدار و سەردانانەی كە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئەنجام دران و تێیدا سەرۆك كۆمار و وەزیرانی دەركەوتووی ئیتالیا جەختیان لەسەر پشتیوانیی بەردەوامی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە، ئەم خەڵاتە دەبێتە مۆرێكی فەرمی بۆ ئەو متمانە سیاسی و ئەمنییەی كە لە نێوان هەردوولادا دروست بووە.
لە كۆتاییدا، دەبێت ئەم هەنگاوە وەك دەستكەوتێكی گرنگ بۆ دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان لە قەڵەم بدرێت. كاتێك وڵاتێكی وەك ئیتالیا، كە خاوەن مێژوویەكی دەوڵەمەندی دیپلۆماسییە، بەرزترین نیشانی خۆی پێشكەش بە سەرۆكی هەرێم دەكات، ئەوا پەیامێكی ڕوونی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە كە هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان، توانیویەتی وەك قەوارەیەكی سەقامگیر و كراوە بۆ جیهان بمێنێتەوە. ئەم ڕێزلێنانە نەك هەر پەیوەندییەكانی هەردوو لا پتەوتر دەكات، بەڵكو هاندەرێكی بەهێزیش دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆی لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا زیاتر و چالاكتر بكات.































































