مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەیی ناوەندی لەشكری ئەمەریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند “لە وەڵامدانەوەی بەرامبەر هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە نزیك تەنگەی هورمز، ئەمەریكا زۆر بە قورسی بۆردومانی چەند شوێنێكی لەشكری ئێرانی كرد.” هاوكات سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند “بە سەختی دامەزراوەی سەربازیییە گرنگەكانی ئەمریكامان لە ناوچەكە كردە ئامانج.”
لە راگەیاندراوەكەی (سێنتكۆم) هاتووە “هێزەكانمان دەستیانكردووە بە زنجیرەیەك هێرشی قورس لە دژی ئێران، ئەم گورزانەی ئەمەریكا وەڵامدانەوەیە بۆ ئەو هێرشانەی ئێران كردوونی بۆ سەر 3 كەشتی بازرگانی كە بە تەنگەی هورمز تێپەڕدەبوون،”
دەشڵێت “ئەم كارە دوژمنكارانەی ئێران هیچ پاساوێكی نییە و مەترسیدارن، هەروەها پێشێلكردنێكی ڕوون و ئاشكرای ئاگربەستە.”
بە گویڕەی راگەیاندراوەكەی (سێنتكۆم) هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمەریكا سیستەمی بەرگری ئاسمانی و موشەكی زەوی بەرەو ئاسمان و موشەكی كروزی دژە كەشتی و شوێنی هەڵدانی درۆن و سیستەمی چاودێری كەنار ئاوەكانی ئێرانی كردووەتە ئامانج.
هاوكات سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات “لە وەڵامدانەوەی سەرەتایی بۆ ئەم دەستدرێژییەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمەریكا، هێزی دەریایی و ئاسمانیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە، ٨٥ دامەزراوەی سەربازیی گرنگی ئەمریكایان لە بەندەر سەلمان، هەرێمی پێنجەمی هێزی دەریایی بەحرەین و بنكەی ئاسمانی عەلی سالم لە كوێت تێكشكاند و فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی MQ9ی دوژمنیان خستە خوارەوە كە هەوڵی دەستوەردانی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دا.”































































