زاری كرمانجی – رواندز :
پێكەوە پاشەڕۆژی كەلتوریی ڕواندز دەنوسینەوە، دروشمی (پڕۆژەنامە) و نەخشەڕێی كەلتوری داهاتوی ڕواندزە، سەرپەرشتیارانی ئەو پرۆژەیە لە بانگەوازێكدا ڕایدەگەیەنن كە ئامانجیان كۆكردنەوەی ئەو بیرۆكە و پڕۆژانەیە، كە خزمەتی بوژانەوە و پەرەپێدانی (كەلتور و سروشت و مێژو)ی ڕواندز دەكەن. بۆیە داوا لەخەمخۆرانی ئەو شارە دەكەن هاوكارییان بن.
ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (پڕۆژەنامە):
نەخشەڕێی كەلتوری بۆ داهاتوی ڕواندز
ڕواندز، تەنیا سنورێكی جوگرافی نیە، بەڵكو مێژو و كەلتورێكی دەوڵەمەند و سروشتێكی دڵگیری هەیە، كە پێویستیی بە خەمخۆری و پەرەپێدانی بەردەوام هەیە. ئێمە وەك دەستپێشخەری، پڕۆژەیەكی نوسین و بەڵگەنامەیی بە ناوی (پڕۆژەنامە) ڕادەگەینین؛ ئامانجمان كۆكردنەوەی ئەو بیرۆكە و پڕۆژانەیە، كە خزمەتی بوژانەوە و پەرەپێدانی (كەلتور و سروشت و مێژو)ی ڕواندز دەكەن.
بوارەكانی وەرگرتنی پڕۆژە :
ئێمە بەدوای ئەو پڕۆژە و بیرۆكانە دەگەڕێین كە تایبەت بن بە بواری :
كەلتوری و ڕۆشنبیری : پەیوەندیی نێوان كەلتور و تەكنەلۆژیا، كۆكردنەوە و بوژاندنەوەی فۆلكلۆر و كەلەپور، چالـاكیی ڕۆشنبیری، لێكۆڵینەوەی زمانی، پاراستنی كەلتوری ناوچەیی، ڕۆڵی نمایشخانە لە گواستنەوەی مێژو و بوژانەوەی گەشتیاری، بەكەلتوركردنی خوێندنەوە، پێشخستن و بەكلتوركردنی وەرزش، ڕێكخراوسازیی مەدەنی، هتد.
ئەدەبی و هونەری : پڕۆژەكانی نوسین، چاپ و بڵـاوكردنەوە، كۆكردنەوەی ئەدەبیاتی زارەكی، گەشەپێدانی ناسنامەی هونەری و ئەدەبیی ڕواندز، فیستیڤاڵی ئەدەبی، چالـاكیی هونەری (مۆسیقا، شێوەكاری، شانۆ)، هتد.
مێژویی : لێكۆڵینەوە لە مێژوی ڕواندز، پاراستنی شوێنەواری مێژویی، تۆماركردنی ڕوداوە مێژوییەكان، كۆكردنەوەی مێژوی زارەكی، ئەرشیفی وێنەیی، كەسایەتیەكان، هتد.
سروشت و ژینگە : پاراستنی ژینگە، پەرەپێدانی گەشتیاریی سروشتی، هۆشیاریی ژینگەیی، پاراستنی خەرەند، ڕەنگدانەوەی كەلتور و مێژوی ناوچەیی لە كەرتی گەشتیاری، فەرهەنگی جوگرافیی ڕواندز، هتد.
چۆنیەتیی بەشداریكردن :
– هەمو بیرۆكە و پڕۆژەیەكی ئەم بوارانە، بەخۆشحاڵیەوە وەردەگیرێن.
– تكایە پڕۆژەكانتان بەپێی ئەو كڵێشەیەی ئامادەمان كردوە، بۆمان بنێرن. (كڵێشەی پڕۆژە بكەوە)
– ئەو پڕۆژانەی ڕەهەندی (كارگێڕی و حكومی و سیاسی)یان هەیە وەرناگیرێن.
ئامانجی كتێبی (پڕۆژەنامە):
– دەبێتە نەخشەڕێیەكی بەسود بۆ پەرەپێدانی شارەكەمان.
– سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ لـایەنی پەیوەنددار و سەرمایەگوزاران.
– ناسنامەی كەلتوری و مەدەنیی ڕواندز لە داهاتودا بەهێزتر دەكات.
ماف و ئیمتیازی خاوەن پڕۆژە :
– سەرجەم بیرۆكە و پڕۆژەكان لە كتێبێكدا بە ناوی (پڕۆژەنامە) چاپ و بڵـاودەكرێنەوە.
– ناوی پێشكەشكاری پڕۆژە بەشانازیەوە تۆمار دەكرێت؛ مافی خاوەنداریەتییان دەپارێزرێت.
كۆتا وادە بۆ ناردنی پڕۆژەكان :
بەخۆشحاڵیەوە چاوەڕێی بیرۆكە و پڕۆژەی ئێوەین، بۆ ئامادەكردنی كتێبێكی ستراتیژیی بۆ داهاتو؛ تا ئەم بەروارە: (15-9-2026)
پەیوەندی :
بۆ ناردنی پڕۆژەكان و بەرچاوڕونیتان: ئیمەیل: dadyar85@gmail.com
مۆبایل: 5018 452 0750
كڵێشەی پڕۆژەنامە :
لێرە كڵێشەكە بكەوە: https://forms.gle/m1oSCH5eKZv7PwDu8
پێكەوە پاشەڕۆژی كەلتوریی ڕواندز دەنوسینەوە
سەرپەرشتی پڕۆژە: دادیار ئازاد
































































