ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
ئەمرۆ، ڕێکەوتی 7ـی تەمموزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، “بە پێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی فیدڕاڵی عێڕاق، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە دەست پێ دەکات کە تەمەنیان لە 12 ساڵ زیاترە و هێشتا ناویان لە پسوولەی خۆراک تۆمار نەکراوە.”
بە گوێرەی ئاگادارییەکە، ئەو کەسەی کە ناوی لە پسوولەی خۆراکدا نییە، دەبێت خۆی بە شێوەی کەسی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بکات بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە.
هاوکات، بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکە پێویستە ئەم بەڵگەنامانەیان لەگەڵدا بێت:
*کارتی نیشتمانی ئەو کەسەی زیاد دەکرێت لە پسوولەی خۆراک
*کارتی زانیاری سەرۆکی خێزان
*بڕینی پسوولە بە نرخی 6500 دینار
*پەنجەمۆری ئەو کەسەی کە ناوی لە پسوولەی خۆراکدا تۆمار نەکراوە
بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کردووە، ئەوانەی ئەم مەرجانەیان لەسەر جێبەجێ دەبن، لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ تۆمارکردنی ناویان.
































































