مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە دوای نزیكەی دوو دەیە، دەسەڵات و پێكهاتەی كارگێڕی خۆی لە كەرتی غەززە هەڵوەشاندەوە و باس لەوەش دەكات كە دەست دەكات بە پرۆسەی گواستنەوەی كاروبارەكان بۆ ؛لیژنەی نیشتمانی بەڕێوەبردنی غەززە؛.
محەممەد فەرا، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی كارەكانی حكومەت بە فەرمی دەستی لە كاركێشاوەتەوە و بڕیاری داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستەیە و هەروەها گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئیداری و حكومی بۆ لیژنەی نیشتمانی بەڕێوەبردنی غەززە.
هاوكات بە گوێڕەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی شرق ئەلئەوسەت، ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەم پێكهاتەیە ئەوەیە كە ڕێگە خۆش بكات بۆ ئەوەی “لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە” كارەكان بە ئاسانی جێبەجێ بكات؛ دامەزراوەیەكی تەكنۆكرات كە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ و بە پاڵپشتی نێوەندگرانی ناوچەكە پێكهێنراوە و بڕیارە بەرپرسیارێتی ئیدارەی مەدەنی غەززە لە ئەستۆ بگرێت.
































































