زاری كرمانجی
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سۆرانی كرد و رایگەیاند:” بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی سێکتەرەکانی کار و چاودێری کۆمەڵایەتی لە ئیدارەی سۆران .
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەلایەتی، دوێنێ دووشەممە لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی دامودەزگاکانی حکوومەتدا، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانەوە پێشوازی لێکرا.
زیاتر گووتی:” له دیدارێكی هاوبەشدا کە بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە پەیوەندیدارەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کرا.
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاند و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە کەرتی کۆمەڵایەتی لە دەڤەرەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ باشترکردنی دۆخی چاودێری کۆمەڵایەتی هاووڵاتیان و جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجانی ناوچەکە و پەرەپێدان و سەرپەرشتیکردنی زیاتری ناوەندەکانی چاودێری و ناوەندەکانی تایبەت بە کەمئەندامان بوو.
لەو دیدارەیدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، کوێستان محەمەد ڕایگەیاند:” کە وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سێکتەرەکانی کار و چاودێری کۆمەڵایەتی لە ئیدارەی سۆران، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتیانی دەڤەرەکە و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری پێیان.
هەژار حەکیم، گووتیشی:” لە دیدارەكەدا باس لەوەكرا كە چۆن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەلایەتی نوێی هەبێت هاوكاری زیاتری تەواوی بەڕێوەبەرایەتی و بنكەكانی سەر بە وەزارەتەكە بكەن لە هاوكاری كردنی زیاتری پەككەوتەكان، لە چاودێری خێزان .هەروەها نۆژەنكردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەلایەتی لە سنووری ئیدارەی سۆران .
































































