زاری كرمانجی :
حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی 10 ملیار دینار بۆ كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی زیاتر لە شەش هەزار تۆن زبڵ و خاشاكی رۆژانە لە هەرێمی كوردستان خەرج دەكات.
ئاراس فوئاد سابر، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و چارەسەری خۆڵ و خاشاك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، قەبارەی خاشاكی كۆكراوە بە پێی وەرزەكان دەگۆڕێت، بەگشتی 6 هەزار بۆ 6 هەزار و 500 تۆن لە رۆژێك دایە.
پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوەی خاشاك و خاوێنكردنەوە بە پێی تایبەتمەندیی شوێنەكان دەگۆڕدرێت. لە شوێنی نیشتەجێبوون رۆژێك نا رۆژێك كۆ دەكرێتەوە و لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان رۆژانە كۆ دەكرێتەوە و لە گوندەكانیش هەفتانە جارێك یان دوو جار.
بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و چارەسەری خۆڵ و خاشاك دەشڵێت: ”خەرجیی مانگانەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی زبڵ و خاشاك لە هەرێمی كوردستان دەگاتە9 ملیار و 952 هەزار و 755 دینار و 32 گرێبەست بۆ خزمەتگوزارییەكانی كۆكردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاك و خاوێنكردنەوە لە هەرێمی كوردستان واژوو كراون.”
لە زۆربەی شارەكان زبڵ و خاشاك تەنیا داپۆشینی بۆ دەكرێت، بەڵام دوو پرۆژەی جیاكردنەوەی خاشاك لە سنووری پارێزگای دهۆك و سنووری قەزای ئامێدی هەن. لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانیش پڕۆژەیەكی گۆڕینی خۆڵ و خاشاك بۆ وزەی بەدیل (Refuse-Derived Fuel) هەیە.
ئاراس فوئاد، داوا دەكات لە رێگەی ئەنجامدانی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە ریگەی قوتابخانە، میدیا و رێكخراوە مەدەنییەكان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی قەبارەی خاشاكی بەرهەمهاتوو.