نووسینی: زکری حەمەد باڵەکی
قوتابی لە بەشی ڕاگەیاندن و بازاڕگەری
ئۆتۆمبێل لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی ئێمەدا تەنها هۆکارێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە و زۆرجار ڕەنگدانەوەی خاوێنی، ڕێکپۆشی و کەسایەتی خودی شۆفێرەکەیە. هاووڵاتیان کات و پارەیەکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ پاک ڕاگرتن و پاراستنی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەڵام کێشەیەکی گەورە و دیاردەیەکی بێزارکەر هەیە کە ڕۆژانە لە ناوچە پیشەسازییەکاندا (سناعی) دووبارە دەبێتەوە و پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردن هەیە.
کێشەکە لە کوێدایە؟
دیاردەکە کاتێک دەست پێدەکات کە شۆفێرێک بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی یان بزوێنەرەوە، ناچار دەبێت سەردانی ناوچەیەکی پیشەسازی بکات. لە کاتێکدا شۆفێرەکە ژوورەوەی سەیارەکەی زۆر خاوێن و بێگەرد ڕاگرتووە، کابرای وەستا یان فیتەرەکە، بەبێ گوێدانە ئەم خاوێنییە و بێ ڕەچاوکردنی مافی کڕیارەکە، بەوجالنەی کە ڕۆژانە کاری پێدەکات و سەرتاپایان بووە بە گریس، ڕۆنی ڕەش و تۆز، یەکسەر دەچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکە.
ئەم چوونە ژوورەوەیە بە مەبەستی پشکنین (فەحس) یان تاقیکردنەوەی سەیارەکەیە، بەڵام دەرەنجامەکەی وێرانکردنی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەیە. بەهۆی ئەم بێباکییەوە، کوشنەکان، سوکان، دەسکی گێڕ و تەنانەت دەرگاکانیش دەبنە قوربانیی پەڵەی گریسی ڕەش کە پاککردنەوەیان کارێکی ئێجگار سەختە.
زیانە دەروونی و داراییەکان ئەم ڕەفتارە نابەرپرسانەیە تەنها دیمەنێکی ناشرین جێناهێڵێت، بەڵکو شۆفێرەکە تووشی زیانی دارایی و دەروونی گەورە دەکات. زۆرجار شۆفێر بەهۆی شەرم یان ڕێزگرتن لە ماندووبوونی وەستاکە،
لەو کاتەدا هیچ ناڵێت، بەڵام دواتر ناچار دەبێت کاتێکی زۆر بدات بە سەردانیکردنی سەنتەرەکانی شوشتنی ئۆتۆمبێل (غەسڵ) و بڕە پارەیەکی زۆر خەرج بکات بۆ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بەهێز تا پەڵەی گریسەکە لابدات، کە زۆرجاریش پەڵەکان بە تەواوی لاناچن و قوماش یان چەرمی کوشنەکە تێکدەدەن.
کلتووری کار و چارەسەرە سادەکان پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا
چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دەبێت بەسەر جێگای وێرانکردنی خاوێنییەکەیەوە بێت؟ بێگومان نەخێر. لە وڵاتانی پێشکەوتوو و تەنانەت لە کۆمپانیا و بریکارییە
فەرمییەکانی ناوخۆشدا، پاراستنی موڵکی کڕیار بنەمای یەکەمی کارکردنە.
بۆ ڕێگری لەم دیاردەیە، چەند چارەسەرێکی زۆر سادە و کەم تێچوو هەن کە پێویستە فیتەر و وەستاکان پەیڕەوی بکەن:
1- بەکارهێنانی ڕووکەشی نایلۆنی کاتی: نایلۆنی تایبەت بە داپۆشینی کوشن و سوکان هەیە کە تێچوویەکی زۆر کەمی هەیە، وەستا دەتوانێت پێش سەرکەوتنی بەکاریبهێنێت و دوای کارەکەی لای ببات.
2- لادانی دەستکێشە پیسەکان: پێش دەستدان لە سوکان و گێڕی ئۆتۆمبێلەکە، پێویستە دەستکێشە ڕەشبووەکان دابکەنرێن.
3- هۆشیاری و چاودێری: پێویستە سەندیکای کرێکاران و الیەنە پێوەندیدارەکان لە ناوچە پیشەسازییەکاندا، ڕێنمایی توند بدەنە خاوەن کارگەکان بۆ ڕێزگرتن لە موڵکی هاووڵاتیان.
پەیامی کۆتایی پیشەییبوون لە کاردا تەنها بەوە ناپێورێت کە تۆ بزوێنەرەکە یان عەیبێکی میکانیکی چاک بکەیت، بەڵکو بەوەش دەپێورێت کە چەندە ڕێز لەو ئەمانەتە دەگریت کە کڕیارەکە لای تۆی جێهێشتووە.
پاراستنی پاکوخاوێنی ئۆتۆمبێلی خەڵک، بەشێکە لە ئەخالاقیاتی کار و نیشانەی ئاستی بەرزی هۆشیاریی پیشەیی وەستاکەیە.
کاتی ئەوە هاتووە ئەم ڕەفتارە کۆنە بگۆڕدرێت و ناوچە پیشەسازییەکانمان هاوشێوەی کارامەیی تەکنیکیان، لە ڕووی مامەڵە و پاراستنی موڵکی گشتی و تایبەتیشەوە پێش بکەون.


































































