ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە نرخی گەشتی عومرە دابەزیوە. ئێستا گەشتێکی 10 ڕۆژە، کە هاتن و چوون بە ڕێگەی وشکانی و مانەوەی 9 شەو لە هۆتێل لەخۆ دەگرێت، بە نرخی 325 دۆلار پێشکەش دەکرێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، ڕایگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی هاونیشتمانیان و دڵنیابوون لە کواڵێتی خزمەتگوزاری، ڕێگەی نەداوە نرخێکی جێگیر بۆ گەشتەکان دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان لە بازاڕدا هاوکێشەی بازرگانییان هەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، گەشتەکانی خاوەن خزمەتگوزاریی زیاتر، نزیکەی 100 دۆلار لەو نرخە زیاترن. هەروەها ئاماژەی بەوە دراوەکە گەشتی عومرە بە ڕێگەی ئاسمانی دوای تەواوبوونی وەرزی حەج هێشتا دەستی پێ نەکردووەتەوە، بۆیە نرخەکەی تا ئێستا دیار نییە. گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش دا کە هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیاکان دابین کراوە، تاکو بتوانن گەشتەکان بە گونجاوترین نرخ ڕێکبخەن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، نرخی گەشتەکان بە پێی وەرز دەگۆڕێت. لە وەرزی پێشوودا گەشتی وشکانی نزیکەی 500 دۆلار بوو، بەڵام لە مانگی شوبات، کە هاوکات بوو لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، هەمان جۆری گەشت گەیشتە نزیکەی 1000 دۆلار.
کاروان ستوونی داوای لە هاووڵاتیان کرد ئەگەر لە گەشتی عومرەدا لەگەڵ هەر کەموکوڕییەکی خزمەتگوزاری لەلایەن کۆمپانیاکان ڕووبەڕوو بوون، ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە بکەنەوە، چونکە بەڵێنی داوە لێپرسینەوەی یاسایی لە هەر کۆمپانیایەکی کەمتەرخەم بکرێت.
بەپێی ئامارەکان، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، بە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی، بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکانی عومرە سەردانی سعودیە دەکەن.
































































