ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکات فۆرمێکی نوێی زانیاری پڕ بکەنەوە، کە ئامانجی لێی دابینکردنی سیستەمی بیمەی تەندروستییە.
ئەحمەد مام ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتەکە، ڕایگەیاند، “ئەم فۆرمە بە تایبەتی بۆ ڕێکخستنی بیمەی تەندروستی ئامادە کراوە. بە گوێرەی وتەکانی ناوبرا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمارکردن و مامەڵە پێویستەکان، کەسوکاری شەهیدان دەتوانن هەرکاتێک پێویستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی هەبێت، سوود لە بیمەی تەندروستی وەربگرن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و پڕکردنەوەی فۆرمەکان، ناسنامەیەکی تایبەت بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان دەردەچێت.
ئەحمەد مام ڕەسووڵ داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکات لە ماوەی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بکەن و فۆرمەکە وەربگرن و پڕی بکەنەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە لە بەرژەوەندیی خۆیانە، چونکە هەر کەسێک ئەم پرۆسەیە تەواو نەکات، ناتوانێت سوود لە بیمەی تەندروستی وەربگرێت.
































































