بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران رایگەیاند، بەردەوام ئاسانکاری دەکرێت بۆ ئەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران بگاتەوە ئاستی پێش شەڕی داعش، لە ئێستاشدا گەیشتووەتە نزیکەی 4 ملیار دۆلار و کار دەکرێت بۆ ئەوەی قەبارەکە بۆ هەشت ملیار دۆلار زیاد بکرێت.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گووتی “کاتی خۆی بە هۆی شەڕی داعشەوە قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو، بەڵام بە هۆی ئاسانکاریی بەردەوام بۆ بازرگانان و هاتووچۆی گەشتیاری لە خاڵە سنوورییەکان، قەبارەکە بەردەوام لە زیادبووندایە و ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو باشترە و گەیشتووەتە نزیکەی 4 ملیار دۆلار، بەردەوامیش ئاسانکاری دەکرێت بۆ ئەوەی وەکو پێش شەڕی داعش و بگرە زیاتریش بێت، کە ئەوکات قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران هەشت ملیار دۆلار بوو”.
ئاکرەیی باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئاسانکاریی بەردەوام لە خاڵە سنوورییەکان، کە سێ مەرزی فەرمیمان هەیە، کار دەکرێت بۆ ئەوەی حەوت مەرزی نافەرمییش بەفەرمی بکرێن، کە ئێران رەزامەندیی نیشان داوە و تەنیا ماوە حکوومەتی عێراق رەزامەندی دەرببڕێت، ئەمەش وا دەکات قەبارەی بازرگانی لە داهاتوودا زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بێت”.