د. هەڵمەت باییز
ڕواندز بەهەموو پێوەرێکی مێژوویی و ئێستایی، کەلتووری و ئابووری، جوانی و تێدابوون، خەبات و قوربانییەوە، یەکێکە لە بێنازترین شارەکانی کوردستان. ڕیشەی بەقوربانیبوون و بێنازیییەکەی بەتەنها ئێستایی نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی درێژکراوەی هەیە. لە کێشمەکێشمی گۆڕانکارییەکانی ناوەڕاستی سەدەی هەژدەمەوە بگرە، تا ململانێی کۆڵۆنیالیزمی نوێی سەرەتای سەدەی بیستەم و سیاسەتی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێڕاق و دواتریش چەند هۆکارێکی ناوەخۆیی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی ناوشار خۆی، هاوڕەوتی بزاوتە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و هۆشیارییەکەی بەجێما و تێداماوە. لەسەردەمی حومڕانی کوردیش بەتایبەتی لێکەوتەی براکوژی ڕواندزیان لە بزاوتی هاتنەناو مێژوو و گۆڕانکارییە ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان خست.
ڕواندز لەو تێگەیشتنە ئێستاییەی کەلتوورسازی و تیۆرییەکانی گەشەی ئابووری و گۆڕانی فۆرمی شار پێویستە هەڵوەستەی هەمەلایەنەی لە ئاستی تاکەکەس و دامەزاروە و دەستەوگروپ بۆ بکرێت. ڕواندز لە دۆخی ئێستایدا وێڕای کزی هەموو بزاوتێکی گەشەی شار، دیوی خوێندنەوە و ڕۆشنبیری و هونەری ئێستای ڕواندز لەناو شانازییەکانی مێژوو وهەندێک لەو هێما و لۆگۆیانە چەقیوە، کە نابنە بەشێک لە تەکان و گۆڕانکاریی شار، بەڵکوو کێشانی هێڵێکی بازنەییە لەناو قەتیسبوونی زمەندا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تێگەیشتنە فۆرمی وەهمی شانازی شوێنگرەوەی هەموو پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکان دەبێت، سەباری ئەوەش ئەو تێگەیشتنەی ئێستا بۆ نەوەیەکی داهاتوو بەهەمان فۆرمێکی کلاسکییانە بەرهەم دێتەوە.
بۆ دەرچوون و لەو تێدامانە وەهمی و شانازیی مێژوویی و چاوەڕوانییەکانی گەشەکردنی لەخۆوەیی شار، لە دوو خاڵدا دەبێت کار بۆ تێپەڕاندنی دۆخی تێداماوی و بەجێماوی شار بکرێت، خاڵێکی بنەڕەتی ئاستی دامەزراوەییە، سەرخان و ژێرخانی ئێستای دامەزراوەی ڕواندز هەمان هەیکەلیەتی دامەزراوەکانی شەست و حەفتەیەکان و پێشتریشە، ژێرخانی هزری و بەڕێوەبردن لە دیوێک وەک فۆرمێکی ئێستای کوردستان و لە دیوێکی دیکە بەهەر پاساوێک بێت، جوڵەی گەشە و گۆڕان وەک ڕوانگە و هێزی مەعنەوەیی بۆ گەشەی شار، تەکان و قۆناغێکی نوێی نەبڕیووە، بۆیە لەو خاڵەدا گرنگە بەشێک لەبەرپرسیارییەتی دامەزراوەیی بخرێتە ژێر پرسیار، چونکە بەهەموو بنەما ئیتیکی و لێوەشایی و کارگێڕیی و مادییەکانەوە لەو تێدامانەدا ئامادەیی هەیە. ئەوەی گرنگە بوترێت هیچ شارێک بەتەنها بەو تێدابوون و میراتە ڕۆشنبیرییەی خۆی ناچێتە ناو گۆڕانگاری و سەرمایەگوزاری کەلتووری و ئابووری بوژانەوە، بەتایبەتی بەو تێگەیشتنە ئێستاییەی کە دنیای گەشە و گۆڕانکاری شار دەیخوازێت. بەو تێگەیشتنەوە دەبێت لە ئاستی دامەزراوەیی بە پێوەری سەردەمیانەی گەشەی ئابووری و بوژانەوەی شار کار بۆ ئەو بەرپرسیارییەتە ئیداری وئیتیکی دەسەڵات و دەمەزراوەیی بکرێت، کە ڕواندز چاوەڕوانییەتی. بەجۆرێک پڕۆژەی سەرمایە گوزاریی کەلتووری و ئابووری لە هەرەمی دامەزراوەییەوە بۆ کەرتی تایبەت و دواتریش بۆ هەوڵی دەستەگەری و تاکەکەسی و دڵسۆزانی شار وەک هەماهەنگی گەشەی شار شۆڕبێتەوە.
خاڵێکی دیکەی هاوئاست لە گەشەکردنی شار، دەستبردن و پێداهاتنەوەی سەرمایەگوزاری کەلتووری و دنیابینی نویێە بۆ گەشە و گۆڕانی شار، لەو خاڵەدا ڕواندز لاوازە و بۆخۆی هۆکارە لە دەستکاریی نەکردن و چەقبەستوویی هێزی ناماددی و کەلتووری. پێویستە گۆڕان لەو چەمک و تێگەیشتنە باوانە و مێنتاڵیەتی خۆشەویستن و شانازی شار بگۆڕێت. بەریەکەوتنی ناوەخۆی تێپەڕێنێت، چونکە ڕواندز تنها بەریەکەوتنێکی لاوازی لەگەڵ خۆیدا هەیە، بۆیە لە ئێستادا بەبەبەراورد لەگەڵ قۆناغەکانی پێش ڕاپەڕین پلاتفۆرمێکی ڕۆشنبیری و کاریگەری خۆی نەبووە، لە پێشەنگایەتی هونەری ئەدەبی و کەلتووری یانەی ڕۆشنبیری خۆی کەوتووە، لە کاتێکدا وەک تاکەکەس کەرەسەی هەیە کەچی بەبەراورد بەشار و شارۆچکەکانی دیکەی دەورووبەر بەجێماوە، بۆیە لە دیوێکی دیکەی هێزی نەرم پێویستە ئاگاییەکی دەستەگەری و نوخبەیی و پڕۆژەیی بێتەوە مەیدان و پێداچوونەوەی هەموو ئەو پاشهات و پێشهاتانە بکاتەوە، جارێکی دیکە لەناو بزاوت و هێزی میراتی خۆیەوە بەتاقیکردنەوەی فرەڕێگا گەشە و تەکان بەخۆی بدات. لە چوونەناو بزاوتە کەلتووری و ڕۆشنبیرییەکانی شاردا بەفۆرمی جۆراوجۆر و نوێباو ببوژێتەوە. لە لایەک بەریەکەوتنی ڕۆشنبیری ناوەخۆی بەهێزبکات و لە لایەکی دیکە لە ڕێی چالاکی و بەریەکەوتنی لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا گروتینێکی زیاتر بداتەوە بەو بزاوتە کپەی کە ئێستا ڕواندز لەو تێدامان و بەجێمانەدا بۆ هەمووان جێی پرسیارە.
پێداهاتنەوەی ئەو پەیوەندییە پچڕاوییەی نێوان دامەزراوە باڵاکان و کەسانی خانەدانی شار و کەسانی هەبوو و کەسانی ئەکادیمی بۆ پرسی کەلتورسازی وگۆڕان و گەشەی شار گرنگە. ئەوەی لە باری هۆشیاری و ڕۆشنبیری زۆر جێی پرسیارە، زۆر بەسادەیی چۆن دەشێت چاپی ڕۆژنامە و گۆڤار و دیدارێکی ڕۆشنبیری و دابینکردنی شوێن و مێوانداریکردنی میوانانی دەرەوەی شار وەک کردەیەکی بەریەککەوتن و ئاڵوگۆڕی کەلتووری تێپەڕاندنی سنووری گەشەی شار بۆ دەوەرەی خۆی، پەکی بکەوێت و سادەترین هۆکار و ئاستنەگی بەدینەهاتنی گەشەی کەلتووری بن. ڕەنگە ئەو داپچڕاوییە، هەندێکی پاساوهەڵگر بێت، لە لایەکی دیکە بەشێک لە نوخبەی ئەو شارە کەموکوڕیی هەیە، لەخۆدی خۆیدا دڕدۆنگە، بەشێوەیەک هەندێک لەو ڕێگایانە تاقی نەکراونەتەوە، بە واتای پێویست بوو یان پێویستە دیالۆگێک بۆ هێنانەکایەی ئەو نەریتەی کە هەمووان بە پرسیارن و پویستە ئەو تێگەیشتنە ڕووبدات، کاری سپۆنسەری وەک خەڵکی ڕواندز لە پشتگیریی گەشەی کەلتووری و ڕۆشنبیری بە ئەرکی خۆیان بزانن، ببنە پاڵپشتی تێپەڕاندنی ئەو فۆرمەی تەنها ئیشی دامەزراوەی دەوڵەت نییە شار بۆ گەشەکردن پاڵبدات. وێڕای ئەوەی ئەو دۆخەی کە دەبێتە دنیابنییەکی تازە، لەهەلومەرج و دەرفەتەکاندا وەک واقیع دامەزراوەش پاڵنەر و تەواوکەر دەبێت.
هەر لە سۆنگەی ئەو تێگەیشتنەوە ئامانجی دووەمین کۆنفرانسی ڕواندز بوناونیشانی کۆنفڕانسی “پێگەی ڕواندز لە ئەزموونی فەرمانڕەوایی مێژووییەوە بۆ سەرمایەگوزاری کەلتووری و ئابووری” زانکۆی سۆران لە ٢٠-٢١ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٦ بەسپۆنسەری بەڕیز کاکە (عیسا مەمەدەڕەش) بۆ جاری دووەمە بەڕێوەی دەبات. هەنگاوێکی کردەیی ئەو تێگەیشتنەیە کە باسم کرد، واتە لەڕێی دامەزراوە بەهاوکاری و کاری پاڵپشتی دارایی (سپۆنسەر) دنیابینییەکی نوێ بۆ گەشەی شار لە باری تیۆری و توێژینەوە پێشکەش دەکرێت، کە سود لە دەیان زانکۆ و دەیان توێژەری بواری جۆراوجۆر وەردەگرێت. خودی ئەو ناونیشانەش وەک ئامانج گوزارشتە لە تێپەڕاندنی دۆخی مێژوویی و وەهمی شانازی بۆ شاری ڕواندز کە باسمان کرد، پێشبینی دەکەین ئەو توێژینەوانەی کە دەنووسرێن ئاسۆیەکی باش بۆ گەشەی شار لە باری سەرمایەگوزاری کەلتووری و ئابووری پێشکەش بکات، بەشێک لەو پێشنیاز و ڕاسپاردانە ل ەڕێی دامەواروەوە سوودیان لێوەر بگیرێت وەک کۆنفرانسی یەکەم ٢٠١٦ چاپ بکرێن و شوێنی خۆی بگرێت.
هەر لەپەراوێزی کۆنفرانسی ڕواندز، وەک هەوڵێکی دیکە بۆ ئەو تێگەیشتنەی کە باسمان کرد، بەردەوام لێرەولەوێش پێشتر مشتومڕی هاوشاریان بووە، لە ٢٢/٦/٢٠٢٦ مازیار (بێخاڵ) لە بانگێشنامەیکماندا بۆ دڵسۆزانی شار و هۆشیارمەندانی شار پێشنیازی چەند پڕۆژەیەک گفتگوۆی لەبارەوە کرا، بڕیاردرا لە ڕێی چەند لێژنەیەکەوە زیاتر لە ٢٥ هاوشاری لە چاپ و بەدیهنانی چەند پڕۆژەیەکدا لە پەراوێزی ئامادەکاری کۆنفرانس بۆ مانگی دەی داهاتوو ئامادە دەکرێن، بەهیواین و داواش دەکەین لە هاوشاریان و دڵسۆزانی شار لە ڕێی لێژنەیەکەوە داوای ئەرکی سپۆنسەرایەتی چاپی پڕۆژەکانیان لێ دەکرێت، بە پیرمانەوە بێن، ئەوانیش ببنە بەشێک لەو ویستەی کە بڕیادراوە لە ڕیی خوێندەواران و ئەکادیمی و دڵسۆزانی شار ڕواندز لە داهاتوودا بەگروتین و تێگەیشتنێکی دیکەوە پێکەوە بۆ برەودانی زیاتر بە ڕەوتی گەشی کەلتووری کار بکەین.































































