کۆی گشتی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 90 ملیار دۆلار. قەرزە ناوخۆییەکان 100 تریلیۆن دیناریان تێپەڕاندووە کە هاوتای 80 ملیار دۆلارە، هاوکات بڕی قەرزە دەرەکییەکانیش کە پێویستە تا ساڵی 2028 بدرێنەوە، نزیکەی 9 ملیار دۆلارە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پلانی 10 ساڵی داهاتووی حکومەت بەرزکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانە. ئامانجەکە ئەوەیە بە شێوەیەکی پلەبەندی، ئەو داهاتانە لە 10%ی ئێستاوە بگەیەنرێنە 45%ی کۆی داهاتی گشتیی وڵات.
پێشتریش عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێدا، قەبارەی قەرزە کەڵەکەبووەکان گەیشتبووە 208 تریلیۆن دینار. بەڵام سەرەڕای ئەم بڕە زۆرەی قەرزەکان، حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی گەرەنتی کراوە و بە ڕێکی دابەش دەکرێت.

































































