ڕێژیار سەلام
لە سیاسی کوردستاندا، ڕێککەوتنەکان شتێکی نوێ نین، بەڵام هەندێک ڕێککەوتن زیاتر لە هاوپەیمانییەکی سیاسی واتایان هەیە. ڕێککەوتنی ” نەوەی نوێ ” لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێکە لەو ڕووداوانەی کە گومان و پرسیاری زۆری لەسەرە .
نەوەی نوێ کاتێک دامەزرا، بە دروشمی گۆڕانکاری، ڕەخنە لە سیستمی دەسەڵات و دووربوونەوە لە هاوپەیمانییە سیاسییە باوەکان هاتە مەیدان. شاسوار عەبدولواحیدیش لە زۆر وتار و هەڵوێستدا یەکێتی و پارتی بە بەشێک لە کێشەکانی هەرێم دەزانی و بانگەشەی جێگرەوەیەکی سیاسی دەکرد.
بەڵام ئێستا، ئەو هێزە هەمان ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی واژۆ دەکات بە ئامانجی دژایەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەی ئەگەر نەوەی نوێ هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی کرد، ئەوا نەوەی نوێ چ جیاوازی و شتی نوێی هەیە ؟ بە بۆچوونی ئەندامانینئەو حیزبە و کەسانی سیاسی بەم ڕێککەوتنەیی نەوەی نوێ واژۆی لەسەر مەرگی خۆی کرد .
هەموو لایەک باش دەزانێ ڕێککەوتنی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دوای دەستگیرکردن و ئازادبوونی بە فەرمانی باگڵ تاڵەبانی بەناچاری ڕێککەوتنی لەگەڵ پێکرا، ئەمە کارێکی ناچاری بوو نەک هەڵبژاردنێکی ئازادانە، ئەگەر ئەو فشار و ڕووداوانە نەبوایە، ئەم ڕێککەوتنە لەم شێوەیە یان هەرگیز ئەنجام نەدەدرا یان شاسوار سیاسیەکی فاشڵ و کەسێکی بێ ئەزموونە لەو بورەدا.
ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا لە بیری هەموانە. دوای ئەو ڕيژە زۆرە دەنگ و کورسی پەرلەمانی، بەڵام ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی بووە هۆی کوژانەوەی مۆمی حیزبەکە و دواجار نەیان توانی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا هیچ کورسیەک بەدەست بێنن و گۆڕان بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێگە و کاریگەری سیاسی خۆی دابەزی.ئەندام و لاینگرانی نەوەی نوێش، باوەڕیان وایە دوای ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ یەکێتی، ئەو ئەزموونە دووبارە بۆ «نەوەی نوێ» ڕوودەدات و ڕيککەوتنەکە دەبێتە سەرخواردنی !ئەو حیزبە .
ڕێککەوتنی «نەوەی نوێ» لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کاتێکدا هات کە پەرلەمانی کوردستان هێشتا کارا نەکراوەتەوە و حکوومەتی نوێش پێک نەهاتووە. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دروست دەکات: ئەگەر ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتیانە، بۆچی هەنگاوەکان بۆ چالاککردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت نابرێن؟
ئەگەر یەکێتی نیشتمانی بەڕاستی خوازیاری چارەسەری قەیرانە، دەتوانێت بە هاوکاری هێزە سیاسییەکان حکوومەت پێکبهێنێت و پەرلەمان بخاتەوە کار. بەڵام ئەگەر سەرنجی زۆرتر لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی بێت بۆ بەرهەڵستکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوا ئەم ڕێککەوتنە زیاتر لەوەی چارەسەری کێشەکانی خەڵک بێت، دەبێتە بەشێک لە ململانێی دەسەڵات.































































