مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی CPTـی ئەمریكی لە واڵەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردەوە كە سەربازانی توركیا، شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێیان دەستگیر كردووە و دوای ڕۆژێك مانەوە و ئەشكەنجەدانیان، ئازادیان كردوون .
كامەران عوسمان بەرپرسی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی CPTـی ئەمریكی رایگەیاند “سەر لەبەیانی دوێنێ 1ـی 7ـی 2026، شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی، بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای خۆڕسك ڕوودەكەنە گوندەكانی (بێسەپێ و كوكەرێ) لە نزیك چیای كوڕەژارۆ. لە كاتێكدا كە بە ڕێگاوەن بۆ ئەم گوندانە، دەكەونە ناو كەمینێكی سەربازانی توركیا و دەستگیر دەكرێن.”
كامەران ئاماژەی بەوەش كردووە كە سەربازانی توركیا بە قۆنداغی تفەنگ و شەق و زللە لەو گەنجانەیان داوە و دوای ئەشكەنجەیەكی زۆر، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێگەیان داون بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
بەرپرسی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی CPTـی ئەمریكی ئاشكراشی دەكات كە سەربازانی توركیا بە گەنجەكانیان گوتووە “ئەگەر جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنە ئەوا ژیان بە چاوی خۆتان نابیننەوە و دەتان كوژین.”

































































