مستەفا دۆلەمەری-مێرگەسۆر:
ئەحمەد محەممەد بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” تاقیكردنەوەكانی كۆتای وەرزی یەكەم لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و هەست دەكەم جۆرە پێشبڕكێیەك لە نێوان قوتابییان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ئاستی بەرزتر بەدەست بهێنن.”
گوتیشی:” ئەمساڵ بووژانەوەیەكی پەروەردەی هەیە و سیستەمی نوێی پەروەردەیی و دانانی مامۆستای سەرپەرشتیار وەك لیژنەی هەڵسەنگاندن كە سەردانی قوتابخانەكان دەكەن و توانای مامۆستایان زۆر گرنگە، ئێمە لە پەروەردەی مێرگەسۆر چوار ئاستمان دیار كردووە بۆ قوتابخانەكان، ئەگەر قوتابخانە لە ئاستی یەكەم و دووەم بێت ئەوا لاوازە، ئاستی سێیەم باشە و ئاستی چوارەم نایابە، لەگەڵ ئەوەش قوتابی ئەمساڵ زیاتر هەست بە بەرپرسیارەتی دەكەن، چونكە ماوەی دوو ساڵ بوو كۆرۆنا بوو ئاستی زانستی زۆر دابەزیبوو قوتابی وەك پێویست خۆی ماندوو نەدەكرد، بەڵام ئێستا زۆر گەشبینین لە ئاست بەرزی قوتابخانەكان.”
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر ئاماژەی بەوەدا :” قوتابخانەی ئامادەی دۆرێ ، قوتابخانەی ئامادەی وڵاتژێری كچان ،ئەم دوو قوتابخانەیە لەسەر ئاستی پەروەردەی مێرگەسۆر و ئیدارەی سۆران ئاستی چوارەمیان هێناوە، تاوەكو ئێستا ١٦ سەرپەرشتیاری بنەڕەتیمان لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر هەیە و ئەو ساڵ ٢٠ پلەی دیكەی سەرپەرشتیارمان بۆ دەرچوون تاقیكردنەوەكانیان تەواو كردوون بە زووترین كات دەست بەكار دەبن ئێمە گرفتی ئەوەمان هەبوو كە سەرپەرشتیار لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر كەم بوون هەر سەرپەرشتیارێك ١٠ قوتابخانەی بەردەكەوت و لە سیستەمیش دەبێت چوار یان پێنج قوتابخانە زیاتر نەبن بۆیە هاتنی ئەو سەرپەرشتیارانە یارمەتیدەرێكی باش دەبن بۆ پەروەردەی مێرگەسۆر.”