محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی
عەقید شەماڵ دێواری، گووتەبێژی پۆلیسی سۆران، بە زاری کرمانجی راگەیاند:لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پۆلیسی سۆران بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و ڕێگریکردن لە تاوانەکانی ساختەکاری و فێڵکاری، تۆمەتبارێکمان دەستگیر کردووە کە بە ساختەکردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێل و هەوڵدانی فێڵکردنی هاوڵاتیان تۆمەتبارە.
گووتەبێژی پۆلیسی سۆران، گووتیشی:“ تۆمەتبارەکە ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆڵای ساختە کردووە و لە ڕێگەی واتساپەوە وێنەی بەڵگەنامە ساختەکەی بۆ کەسی بەرامبەر ناردووە بە مەبەستی وەرگرتنی 7 هەزار دۆلار بە شێوەی فێڵکاری.
شەماڵ دێواری، دەشڵێت:“ دوای لێکۆڵینەوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبار دەستگیر کراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا گیراوە. هەروەها، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، ئێستا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراق ڕاگیراوە و ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەری دەگیرێنەبەر.
































































