کۆمپانیایەکی ئیماراتی بەنیازە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر، لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی کارەبا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، پێشوازیی لە دکتۆر عامر عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەودەی ئیماراتی کرد، لە دیدارێکدا بەڕێوەبەرانی گشتیی گواستنەوە و دابەشکردن و پلاندانان و بەرهەمهێنان ئامادەبوون.
ئاماژە بەوە دراوە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی دانانی چەند وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە توانای 50 مێگاوات کراوە.
ئەوەش ڕاگەیاندووە، وەزیری کارەبا ئامادەیی وەزارەتی بۆ هەموو ئاسانکارییەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دامەزرانی وێستگەی کارەبا بە وزەی خاوێن دەربڕی.
هەرێمی کوردستان ئێستا 4800 بۆ 5000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و 134 مێگاواتی لە وزەی خۆرە.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی گشتی 83%بە گازی سروشتی، 5% بە گازوایل، 11% بە نەوتی ڕەش، 1% بە هایدرۆپاوەرە.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەى ئاسانکارییەوە توانیويهتى بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لە ڕێگەی سیستەمی وزهى خۆرهوه لە پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆکان زیاد بکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاسای وەزارەت هەموو کاراسانیيهكى پێشکەش کردووە.


































































