دوو پەرلەمانتاری کوردستان لە فراكسیۆنی رەوتی هەڵوێست، سکاڵایەکی فەرمیان لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دژی عەلی حەمەساڵح بریاردەری رەوتەكە تۆمار کرد
هەردوو پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست سارا موحسین و سازگار فایەق، لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، سکاڵایەکی فەرمییان لە دژی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست تۆمار کردووە. هۆکاری ئەمەش وەك خۆیان ئاماژەیان پێداوە بۆ ئەو لێدوان و هێرشە ناڕەوایانە دەگەڕێتەوە کە لە رێگەی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنییەوە ئاراستەی کردوون.
پەرلەمانتارەکان لە سکاڵاکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، عەلی حەمەساڵح بە روونی هەڕەشەی لێ کردوون و گوتوویەتی هەر ئەندامێکی رەوتەکە بڕوات یان رای سیاسیی خۆی بگۆڕێت، کەرامەتی دەشکێنن بۆ ئەوەی نەتوانێت بێتەوە ناو کۆمەڵگە.
سارا موحسین و سازگار فایەق پێیان وایە ئەم لێدوانە تەنیا هەڕەشە و توندوتیژییەکی دەروونی نییە، بەڵکوو پێشێلکارییەکی زەقی یاسا ناوخۆییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە. هەروەها داوا لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکەن هەڵوێستی فەرمی و یاسایی خۆیان رابگەیەنن بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاسایشی دەروونییان.
ئەوان پێیان وایە بەکارهێنانی زمانی دەرکردن و سزادانی کۆمەڵایەتی دژی ئازادیی تاک و مافی سیاسی، زیانێکی گەورە بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پرەنسیپەکانی دیموکراسی دەگەیەنێت.
سلێمان موحسین، گووتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لەمبارەیەوە روونیكردۆتەوە ” بە فەرمی سکاڵای هەردوو پەرلەمانتارەکەیان وەرگرتووە. دووپاتی کردەوە بێ جیاوازی کار لەسەر هەموو سکاڵاکان دەکەن و لە چوارچێوەی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2010ـی تایبەت بە دەستەکەیان، دۆسیەکە ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەن.
سلێمان موحسین زیاتر گووتوویەتی ” دەبێت سەروەریی یاسا باڵادەست بێت نەک زمانی هەڕەشە و تەشهیر، بەتایبەتی کاتێک لەلایەن سەرکردەی حزبێک یان پەرلەمانتارێکەوە بەکار بهێنرێت. هەروەها ئاماژەی بە ماددەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی کرد تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی هەڕەشە لە ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان دەکەن.
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، یەکێکە لە جووڵانەوە سیاسییە نوێیەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دروست بوو.
































































