زاری كرمانجی :
دوای هەناردەكردنی هەناری هەڵەبجە و زاخۆ بۆ وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و روسیا، لە پلانی بەرنامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی نوێی 2023 هەناردەكردنی سێو و ترێ و هەنگوینی كوردستانە، بۆ چەند وڵاتێكی تر.
جەلیل ساڵەیی، راوێژكاری پێشكەوتوو لە بەشی پڕۆژە ستراتیژییەكان لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: “پڕۆژەی هەناردەكردنی هەنار بەردەوامە و ساڵی داهاتوو سێ بەرهەمی دیكەی جووتیار و باخەوانان كە پێكهاتووە لە (سێو، ترێ و هەنگوین) هەناردە دەكەین.”
ساڵەیی باس لەوەش دەكات كە پڕۆژەی هەناردەكردنی هەنار سوودی بۆ بەشێكی باخەوانان هەبووە و دەڵێ: “ساڵانی پێشوو یەكێك لە كێشەكانی جووتیاران و باخەوانان چۆنیەتی ساخكردنەوەی بەرهەم بوو و پێش پێگەیشتنی نەیاندەزانی چۆن بەرهەمەكەیان ساخ بكەنەوە. ئێستا هەنارەكە بە دارەكەوە بووە جووتیار پارەی خۆی وەرگرتووە. ئەم پڕۆژەیە خاوەنی نزیكەی 100 باخ لێی سوودمەندبوون.”
رۆژی 2-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وێنەی بارهەڵگرێكی بڵاوكردەوە كە وێنەی هەناری لەسەربوو لەسەری نووسرابوو “هەناری كوردستان” و وەكو ئاماژەیەكیش بۆ هەناردەكردنی هەنارەكە نووسیبوی: “بەڵێنەكەمان بەجێگەیاند.”