د. ئازا کامەران:
بە گوێرەی پێشبینییەکان تەنها لە شەوانی ڕابردوو “سەدان هەزار دولار” هاندەرە وەرزشییەکان لە کوردستان زەرەریان کردووە، پارەکانیان لە قوماری وەرزشی دۆڕاندووە ڕۆیشتووە بۆ وڵاتێکی تر.
قوماری ئەلکترۆنی بە گشتی و قوماری وەرزشی خەریکە بەرۆکی لاوانی کوردستان دەگرێت و لێی زەرەرمەند دەبن بە ڕێژەیەکی زۆر، لەم ماوەیە هیچ شەوێک نییە تێبپەڕێت و یارییەکی گەورەی وەرزشی نەکرابێت لە مۆندیال، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت و جێگای نیگەرانییە کە بووە بە بابەتی گفتوگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجامی یارییەکانە کە بووە بە دڵتەنگی بەشێک لە لاوان لە هەرێم، ئەمەش تەنها بۆ ئەوانەی کە بەشداری لە ئەپلیکەیشنەکانی قوماریان کردووە، بەڵام بۆ هاندەرە ڕاستەقینەکان کە دوورن لەم کارە ناشرینانە ئەوە ئاساییە و بە گیانی وەرزشی ئەنجامەکان وەردەگرن، چ دۆڕان یان بردنەوەی هەڵبژاردەکانیان بێت.
ئەو ئەپلیکەیشنانەی لەسەرەتا وەک ئەپلیکەیشنی یاری ئەلکترۆنی و گواستنەوەی هەواڵی وەرزشی بڵاوبووە لە کوردستان، ئێستا خەریکە ئەو ئەپلیکەیشنانە دەبن بە بەڵا و قومارەکانیان بۆ لاوەکانمان لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردەیەکی بەرفراوان کە بەرۆکی ژیانی بەشێکی لاوانی کوردستانی گرتووە.
دەیان ئەپلیکەیشن و پلاتفۆرمی ئۆنلاین ئەمڕۆکە بە ئاسانی دەگاتە دەستی هەر گەنجێک، تەنها لە ڕێگای مۆبایلەکەیەوە، ئەم پلاتفۆرمانە بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژیکراو لاوان هان دەدەن بۆ قوماری وەرزشی، لە ڕێگەی ڕێکلام و بەڵێنی درۆ و قازانجی خێرا و پارەی ئاسان بەدەستهاتوو.
زۆربەی ئەم ئەپانە لە دەرەوەی هەرێم بەڕێوەدەچن و بە شێوەیەکی پلان بۆدارێژراو کاری لەسەردەکرێت بۆ ئەوەی لاوانی کوردستان ئیدمانی ئەو بەڵایە بکەن.
جێگای داخە لە عێڕاق هیچ کۆنترۆڵێکی یاسایی لەسەریان نییە، کە ئەمەش ڕێگە دەدات بەبێ هیچ سنوورێک کاریان پێبکرێت بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەی سەیر و نامۆییە ساویلکەیی و نەزانی هەندێ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە خۆیان بە پاشای پێشبینی ئەنجامی یارییە وەرزشییەکان وێنا دەکەن، کەچی ئاگادارنین کە ماڵی چەندن لاوی ئەو هەرێمەیان بە نەزانی خۆیان وێران کردووە.
هەڵەکانی ئەو کەناڵانە دۆخەکەی لە کوردستان ترسناکتر کردووە کە بەشێکیان دوور لە ئیتیکی ڕاگەیاندن کاردەکەن بە بێ گوێدانە دەرەنجامە نەرێنییەکان.
ئەم کەناڵانە، بەبێ گوێدانە پرەنسیپە ڕۆژنامەوانییەکان و بێ ئەوەی بیر لە کاریگەری نەرێنی کۆمەڵایەتی بکەنەوە، ناویان لە خۆیان ناوە “پاشای پێشبینی” و بە بەردەوامی هاندەرێکن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ قوماری وەرزشی لەنێو لاوان، هەرچەند ئەوان تاکە مەبەستیان تەنها بۆ زیادبوونی لایک و کۆمێنتە.
ئەوەی زۆریش جێگای پێکەنینە ئامارەکان دەریدەخەن کە زۆربەی پێشبینییەکانی ئەم کەناڵانە هەڵەیە و ناڕاستن.
بۆ نمونە، تەنها لە شەوی ڕابردوودا، دەهۆڵیان بۆ ئەوە دەکوتی کە ئەڵمانیا یاری لە پاراگوای دەباتەوە و هۆڵەندا لە مەغریب دەباتەوە کەچی ئەنجامی یارییەکان هەمووی پێچەوانە دەرچوون.
بۆیە بەهۆی پێشبینییە هەڵەکانیان، کە بەشێک لە هاندەران پشتی پێ دەبەستن و بینەریانن، هەزاران لاوی هەرێمی کوردستان زەرەری مادی بەرچاویان کرد کە بە هەزاران دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەمە تەنها لە شەوی ڕابردوو زەرەریان کردووە، جگە لە ڕۆژەکانی دیکە ئەوە ئاماژەم پێی نەکردووە، بێگومان ئەمە تەنها یەک نمونەیە لەو دەیان حاڵەتەی هەفتانە دووبارە دەبنەوە.
لە لایەکی دیکەوە کارەساتێکی بێدەنگە لەنێو خێزانەکان، دیاردەی قوماری وەرزشی تەنها زەرەرێکی دارایی نییە، بەڵکو کارەساتێکی کۆمەڵایەتییە کە دەستی بەسەر زۆر خێزاندا گرتووە، بەشێک لە لاوان قەرز دەکەن بۆ ئەوەی بەشداری لەم یارییانەدا بکەن، پێشبینی دەکەم هەندێکیان کارەسات و کێشەی دەروونیان تووش ببێت لە ئێستا و داهاتوودا، چونکە لە دوای زەرەرێکی گەورە، هیوای دەستەبەرکردنەوەی زەرەرەکە بە یارییەکی تر دەکەن، کەچی چاڵێکی قووڵتر بۆ خۆیان هەڵدەکەنن و کێشەکانیان گەورەتر دەبێت.
یاساو حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لێرەدا ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی بە تایبەت دامودەزگا ڕاگەیاندنییەکان، هەروەها خێزانەکان، و دەسەڵاتداران. پێویستە:
١- ڕاگەیاندنی وەرزشی بسپێردرێتە دەست کەسانی شارەزا و لێزان کە پابەندبن بە پرەنسیپە ڕۆژنامەوانییەکان، نەک ئەوانەی تەنها بەدوای لایک و بینەردا دەگەڕێن، دەبینین کە چ کارەساتێکیان لە بواری وەرزشی دروستکردووە.
٢- کەمپینی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوان لەنێو قوتابخانە و زانکۆکان و ڕاگەیاندن و شوێنە ئاینییەکان ڕێکبخرێت، بۆ ئەوەی لاوان لە مەترسییەکانی قوماری وەرزشی و قومار بە گشتی ئاگادار بکرێنەوە.
٣- یاسایەکی ڕوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەپلیکەیشنەکانی قومار دابمەزرێت و کۆنتڕۆل بکرێت، یان لانیکەم ئینتەرنێتی ئەم پلاتفۆرمانە لە هەرێم سنووردار بکرێت.
٤- خێزانەکان، بە تایبەتی دایک و باوکان، ئاگاداری منداڵانیان بن و دووریان بخەنەوە لە مەترسیی ئەم دیاردەیە.
لاوانی کوردستان سامانی داهاتووی ئەم نیشتمانەن، نابێت ببنە قوربانی پلاتفۆرمێکی قوماری بێ کۆنتڕۆڵ یان کەناڵێک کە ناوی “پاشای پێشبینی”ی لە خۆی ناوە و یاخود قسەی بێ مانا دەکات، بەبێ ئەوەی شایانی ئەو ناوە بێت.
کاتی ئەوەیە کۆمەڵگا، ڕاگەیاندن، و دەسەڵات یەکدەنگ بن لە دژی ئەم حاڵەتە قێزەون و ناشرینە، پێش ئەوەی زیانەکە لە سنووری دۆلار تێپەڕێت و بگاتە سنووری داهاتووی نەوەیەک و لاوەکانمان وێران بکات.
لە کۆتاییدا ئەوەی سەیر و نامۆیە، بەشێک لە ڕاگەیاندنی ئێمە تەنها بە شتی لاوەکی و بێ مانا سەرقاڵە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە پەنجە بخەنە سەربرینەکان و کۆمەڵگا لە کارەسات وشیاربکەنەوە و باس لەو بابەتانە بکەن کە سوودی بۆ سەرجەم هاوڵاتییان هەیە و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەپارێزێت.

































































