زاری کرمانجی
ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە بارەگای دەڤەری یەک، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەرانی هێزەکانی هاوپەیمانان، یەکخستنی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دووی پێشمەرگە بەفەرمی ڕاگەیەنرا.
پێشتر بە ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پێکهاتبوو. ئەرکی ئەم لیژنەیە دیاریکردنی دەسەڵاتە کارگێڕی، دارایی و یاسایی فەرماندەیی دەڤەرەکانە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکگرتوو بخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتر و فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە. دەڤەری یەک و دوو لەو هێزانەن کە تا ئێستا پرۆسەی یەکخستنەوەیان تەواو نەبووبوو.
بەپێی زانیارییەکان، هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریکا، لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام پشتگیریی ئەو پرۆسەیەیان کردووە و یەکخستنی هێزەکان لە ژێر وەزارەتی پێشمەرگە بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی هاوکاری و پاڵپشتیی سەربازی دادەنێن.

































































