وەرزش – زاری کرمانجی:
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ڕەنگە خۆشبەختترین کەسی جیهانی تۆپی پێ لیۆنێل سکالۆنی بێت، چونکە دوو نازناوی مێژوویی بۆ خەزێنەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی زیادکرد ئەوانیش کۆپا ئەمریکا لە 2021 و، جامی جیهانی 2022.
مێژوو دەریدەخات، کە سکالۆنی ناوێکی دیاری سەردەمی زووی تۆپی پێ نەبووە، تا ئەم چەند ساڵەی دوایی هیچ کەس نەیدەناسی، بەڵام ناوی خۆی خستە مێژوو بەتایبەت دوای ئەوەی توانی پشتی 36 ساڵ چاوەڕوانی جارێکی تر نازناوی مۆندیال بگەڕێنێتەوە باوەشی ئارجێنتینا.
ئامارەکانی لیۆنێل تەواو سەرنج ڕاکێشن و، پێمان دەڵێن ئەو کەسێکی کاریگەری سەماکارانی تانگۆ بووە.
سکالۆنی، 37 یاریی سەرپەرشتی وڵاتی زیوی کردووە، تێیدا 26 بردنەوە، 8یەکسانبوون و 3 شکستی تۆمارکردوون، لەماوەی دوو ساڵدا سێ نازناوی خستووەتە خەزێنەی وڵاتەکەی.
سکالۆنی 44 ساڵان، لەساڵی 1995 ەوە بۆ سەرەوە یاریی بۆ 8 یانە کردووە کە دیارترینیان ئاتەلەنتای ئیتاڵی بووە، 387 یاریی بەشداربووە و، 23 گۆڵی تۆمارکردوون.
بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەشی 7 یاریی فەرمی بەشداریکردووە لەساڵانی 2003 بۆ 2006.
ساڵی 2016 هاتە نێو جیهانی ڕاهێنەرایەتی و لەیانەی سێڤییا وەک یاریدەدەری ڕاهێنەر دەستبەکاربوو، ساڵێک دواتر لەهەڵبژاردەی ئارجێنتینا هەمان ڕۆڵی بینی، 2018 بووە کەسی یەکەم و، توانی خۆی بە جیهانی تۆپی پێ بناسێنێت.