ڕائیب زراری
ئەگەر لە كورسی خۆتان دڵنیان وەرن با پەرلەمان ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ئەم دۆخە و لەوێوە چارە بۆ گرفتەكان بدۆزرێتەوە.
شەپۆلێكی ناڕەزایەتی ناوخۆیی بەرامبەر ئەو لێدوانانە سەری هەڵداوە كە گومان دەخەنە سەر بەردەوامیی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، فەرموون لایەنەكانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی كورسییان زۆرە و چ ئەوانەی كورسی كەمتریان هەیە، پەرلەمان كارا بكەینەوە و پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، هەموولایەكمان پابەندی ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەی پەرلەمانی كوردستان بین.
یەكڕیزی حزب و لایەنە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی بنەمای نیشتمانی و كوردستانیدا هەنگاوێكە بۆ سەركەوتنی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا و دووركەوتنەوە لە كێشە و گرفتەكان، پارتی هیواخوازە هەموو حزب و لایەنەكان بەپێی قەبارەی خۆیان بەشداری لە كابینەی نوێ بكەن، چونكە چەند كورد بەهێز بێت ئەوەندە دەتوانێت مافەڕەواكانی خۆی وەربگرێت و پێگەی هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر دەبێت، هەر كاتێك كورد یەك نەبێت زەرەرمەندی یەكەم خەڵكی كوردستان دەبێت، پارتییش نایەوێت خەڵك زەرەر بكات، هەر ئەوەش هۆكار بووە كە پارتی زۆرجار قوربانی بدات و لە مافی خۆی خۆش بێت لە پێناو یەكڕیزی لایەنەكان.
بە گوتەی بەرپرسانی دوو حزبەكەی ڕێككەوتنی زیندان ئەوەندە كورسییان هەیە هەر شتێكیان بوێت دەتوانن بیكەن، كەچی هێشتا ناوێرن بێن پەرلەمان كارا بكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە پارتی فەرمووی لێ كردوون وەرن لەسەر كورسییەكانی خۆتان دانیشن، ئەم بانگەوازە نوێیەی پارتی بۆ لایەنە سیاسییەكان بەمەبەستی كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر پابەندبوونی حزبەكە بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و گەڕانەوە بۆ دەنگی گەل، لە پەرلەمان پێگەو قوڕسایی ڕاستەقینەی هەمووان دەردەكەوێت چەندیان لە حكوومەت بەردەكەوێت.
چەند كاراكردنەوەی پەرلەمان دوا بكەوێت كاریگەری نەرێنی لەسەر پێگە و قورسایی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بۆیە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەیاننامەكەی پارتی باشترین بنەمان بۆ دەربازكردنی هەرێم لەم دۆخە سیاسییە چەقبەستووە.































































