ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
لە 21ـی حوزەیرانەوە، ناوچە جیاوازەکانی ئەوروپا تووشی شەپۆلێکی توندی گەرما بوون، کە بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تا ئێستا بووەتە هۆی مردنی 1300 کەس.
تێدرۆس ئەدهانۆم غیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕایگەیاندووە کە «ئێستا ملیۆنان کەس لە ژێر کاریگەریی گەرمایەکی زۆر تونددا دەژین». بەهۆی ئەم دۆخەوە، ژمارەیەک قوتابخانە داخراون، فشارێکی گەورە خراوەتە سەر تۆڕی کارەبا و ژیانی ڕۆژانەی نزیکەی 191 ملیۆن هاووڵاتی لە ناوچەکانی پلەی گەرمی زیاتر لە 35 پلەی سەدی تێکچووە.
هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپاش بەرزترین پلەی گەرمی مێژوویی خۆیان تۆمارکردووە. لە کۆماری چیک پلەی گەرما بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک گەیشتە 41.9 پلەی سەدی و ریکۆردێکی نوێ تۆمارکرا. لە ئەڵمانیا گەرما گەیشتە 41.7 پلەی سەدی و لە پۆڵەنداش 40.5 پلەی سەدی، کە بەرزترین ئاستی گەرمای سەدەی ڕابردووە.
لە فەرەنسا، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن ژمارەی مردن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نزیکەی هەزار حاڵەتی مردن زیاتر لە ئاستی ئاسایی تۆمارکراوە، کە زۆربەی قوربانییەکان کەسانی بەتەمەن بوون.
شارەزایانی بواری کەشوهەوا ئەم شەپۆلە بە یەکێک لە توندترین دیاردە ژینگەییەکانی ئەوروپا دادەنێن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکیی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە شەپۆلە گەرمایانەیە. هەروەها پێشبینی دەکەن کاریگەرییەکانی ئەم گەرمایە لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوام بێت.
































































