شههلا سۆفی- زاری كرمانجی:
شاری ژێرئاوکەوتووی پاڤلۆپێتری کە بە کۆنترین شاری نوقمبووی جیهان ناسراوە، دەکەوێتە کەنداوی ڤاتیکا لە کەنارەکانی باشووری لاکۆنیا لە نیمچە دوورگەی پێلۆپۆنێس. شارەکە لە سەردەمی برۆنزیدا وەک بەندەرێک گەشەی کردووە و بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ تەمەنی زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە.
پاڤلۆپتێریکس لە ساڵی ١٩٦٧ لەلایەن نیکۆلاس فلیمینگەوە دۆزرایەوە. وێرانەکان تەنها لە سێ بۆ پێنج مەتر ئاوی پاکدا کەوتوون، بۆیە هەرکەسێک کە لە ناو ئاودا گەشت بکات، دەتوانێت نەخشەیەکی تەواوی شارەکە ببینێت، لەوانە گۆڕ و شەقام و هێڵکاری بیناکان. پاشماوەکان زیاتر لە ٤٦ هەزار و ٤٥٢ مەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە و پاراستنی پێکهاتەی گشتی شارەکە ڕەنگە ناوازەترین تایبەتمەندی پاڤلۆپتێریکس بێت.
توێژەران پێیان وایە کە شارەکە ژێرئاوکەوتووە بەهۆی سێ بوومەلەرزەی کارەساتبارەوە کە لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ پێش زایین لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە.


































































