ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
قانع لەتیف، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی ئیدارەی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند، “لە ئیدارەی سۆران، ئەمشەو تا بەیانی موەلیدە ئەهلییەکان دەبنە جێگرەوەی کارەبای نیشتیمانی.”
دوا بەدوای بڵاوکراوەی وەزارەتی کارەبا لە بچرانی وێستگەی گازی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی، هاووڵاتییان ئاگادار کرانەوە لەوەی لە کاتژمێر ٢ـی ئەمشەو تا ٦ کاتژمێر هاووڵاتییان بێ کارەبا دەبن.
لەم بارەیەوە، سەرۆک لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی گووت، “خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانمان لە تەواوی ئیدارەی سۆران ڕاسپاردووە، ئەمشەو تا بەیانی موەلیدەکانیان ببنە جێگرەوە کارەبای نیشتیمانی و هاوکار بن لە دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان”.
ئەمە لە کاتێک دایە، خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی ئیدارەی سۆران، لە دوایین ڕێکەوتندا، وا بڕیاریان دا کە لەکاتی پچڕانی کارەبای نیشتیمانی هاوکار بن لە دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە دەمژمێر ١٠ـی بەیانی تاکو ١ـی شەو. بەڵام دوای ئەم بڵاوکراوەی وەزارەتی کارەبا، لە ئیدارەی سۆران ڕاسپێردراون لەپێناو دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان، موەلیدە ئەهلییەکان تا بەیانی هەڵبکرێن.

































































