وەرزش ـ زاری كرمانجی:
دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا، دەیەوێ شوێن پەنجەی خۆی لەبردنەوەی سێیەمین نازناوی مۆندیال بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا بكاتەوە. دیدێ ساڵی 1998 وەك كاپتنی كەڵەشێرەكان نازناوی مۆندیالی بەرزكردۆتەوە و، 2018 وەك راهێنەر ئەو مێژووەی دووپاتكردۆتەوە، ئێستاش دەیەوێ بۆ جاری سێیەم رۆڵی لەبردنەوەی نازناوەكە هەبێت.
راهێنەری كەڵەشێرەكان، دوێنێ لەكۆنفڕانسی رۆژنامەوانی پێش یارییە چارەنووسازەكەی دژی ئارجێنتینا هەڵوێستی خۆی لەبارەی كەریم بێنزیما ئاشكرا كرد.
دیشامپ، لەبارەی كەریم ـەوە گوتی: “من ڕاهێنەری 24 یاریزانم ئەگەر باسی بێنزیما، بكەم بێ رێزییە بەرامبەر ئەم یاریزانانەی خۆم.”
پێش ئەنجامدانی یەكەمین یاریی خۆیان لەم مۆندیالە، فەڕەنسییەكان لەتوانای هەڵگری تۆپی زێڕینی ساڵ، كەریم بێنزیما بێبەش بوون بەهۆی پێكان، راستەوخۆ دیشامپ ئەو یاریزانەی دوورخستەوە لەپێكهاتەكەی. دوێنێ دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە، كە پێكانی كەریم قوورس نەبووە و، دەیتوانی لەیاریی دووەمی كەڵەشێرەكان ئامادەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەئاهەنگی پێدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر باسی كاریگەری دیشامپ ـی نەكردووە، راهێنەری ناوبراو ئەمەی بەهەل زانیوە و دووریخستوەتەوە.
ئەوەش بڵاوبوەوە، كە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا داوای لەبێنزیما كردووە لەیاریی فایناڵ ئامادەبێت، بەڵام بێنزیما رەتیكردوەتەوە. بەمەش گومانەكان زیاتر بوون لەسەر ناسەقامگیری نێوانی دیشامپ و كەریم.
لەبەشێكی دیكەی ئاخاوتنەكانیدا راهێنەری فەڕەنسا، ئاماژەی بوەدا: “پلانی ئێمە ئەوەیە كە یاریی تەواو بوو پاڵەوان بین. دەزانم ئارجێنتینا پشتگیرییەكی زۆری هەیە تەنانەت هەندێ لە فەڕەنسییەكانیش حەز دەكەن مێسی ببینن كە جامەكە بەرز دەكاتەوە.”
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ كاتژمێر 6 لەسەر یاریگەی لوسێل، فەڕەنسا و ئارجێنتینا یاریی كۆتایی مۆندیالی 2022 ـی قەتەر ئەنجامبدەن.