مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە هەوڵێكی بە قاچاخبردنی 34 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان كە لە ڕێگەی باڵۆنێكی هەواییەوە دەگوازرایەوە، پووچەڵ كردووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی فەرماندەی ناوبراو هاتووە “ئەمڕۆ پێنجشەممە مەفرەزەكانی فەوجی سێی لیوای شەشەمی پاسەوانی سنوور، هەوڵێكی بە قاچاخبردنی بڕێكی زۆر حەبی هۆشبەریان لە ڕێگەی باڵۆنێكی هەواییەوە لە تڕێبیل، لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەكانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار پووچەڵكردنەوە.”
دەشڵێت “دوای ئەوەی باڵۆنەكە لە ڕێگەی كامێرا گەرمبینەكانەوە بینراوە و خراوەتە خوارەوە، دوای پشكنین دەركەوتووە كە ١٩٧ هەزار حەبی هۆشبەری لە جۆری (كەبتاگۆن) هەڵگرتووە، كە كێشی گشتییەكەیان دەگاتە ٣٤ كیلۆگرام.”


































































