شەهلا سۆفی- زاری کرمانجی:
لە توێژینەوەیەکی نوێ دەرکەوتووە کە تێکچوونی خەو لە کاتی دووگیانی و دوای منداڵبوون ڕەنگە یەکێک بێت لە یەکەم هۆکارەکانی دروستبوونی دڵەڕاوکێ.
ماڵپەڕی SciTechDaily بڵاوی کردۆتەوە؛ زۆرجار کەمخەوی وەک بەشێکی حەتمی لە دووگیانی و دایکایەتیدا قبوڵ دەکرێت، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات ئەم تێکچوونی خەوە سەرەڕای ماندوێتی ڕەنگە ڕۆڵی هەبێت لە دروستبوونی دڵەڕاوکێ لەم ماوە هەستیارەدا. خەمۆکی دوای منداڵبوون زیاتر ناسراوە، بەڵام لە ڕاستیدا دڵەڕاوکێ لە باوترین کێشەکانی تەندروستی دەروونییە لە کاتی دووگیانی و دوای دووگیانی. توێژەرانی زانکۆی واشنتۆن لە سانت لویس بەڵگەیان دۆزیوەتەوە کە ڕەنگە کەمخەوی یەکێک بێت لە یەکەم نیشانەکانی ئاگادارکردنەوە، کە پێش نیشانەکانی دڵەڕاوکێ دەردەکەون.
توێژینەوەکە کە لەسەر نزیکەی ٢٣٠ ژن ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو ژنانەی کە خەوی کورتتر و خراپتر دەبن، زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکان دەبن کە پەیوەندییان بە تەندروستی خۆیان و کۆرپەکەیانەوە هەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، خەوی پێویست و ڕەخساندنی دەرفەتی پشوودان و گرنگیدان بە کوالیتی خەو لە کاتی دووگیانی و چەند مانگ دوای منداڵبوون دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پاراستنی تەندروستی دەروونی دایکان و کەمکردنەوەی مەترسی دڵەڕاوکێ.
































































