
تەحسین سەید كەریم
ئەسكوتەری كارەبایی نابێت وەك یارییەكی سادەی منداڵان سەیر بكرێت، بەڵكو ئامرازێكی گواستنەوەی خێرا و پێویستە بە یاسا، كارامەیی، ژیری و كەرەستەی پاراستنی تەواو بەكارهێنرێت.
لە كۆتایی تاقیكردنەوەكان و دەستپێكردنی پشووی هاوینەدا، داواكاری منداڵان بۆ كڕینی ئەسكوتەری كارەبایی وەك دیاری یان بۆ كەیفخۆشی زۆر زیاد بووە. بەڵام بە داخەوە، لە زۆر شوێن — لە كۆڵان، بازاڕ و شەقامە گشتییەكان — منداڵان بە كۆمەڵ و بێ ئاگاداری تەواو لە مەترسییەكان لێ دەخوڕن.
ئەم دیمەنە سەرچاوەی مەترسییەكی گەورەیە، چونكە زۆربەیان نازانن بە چ خێراییەك دەڕۆن یان ئەگەر ڕووداوێك ڕوو بدات چی ڕوودەدات.
مەترسییە سەرەكییەكان:
پیاكێشانی ئۆتۆمبێل و ڕووداوی كتوپڕ، یەكێكە لە گەورەترین مەترسییەكان.
برینداربوونی توندی سەر بەهۆی نەبوونی كڵاوی پاراستن، دەتوانێت ببێتە هۆكاری زیانی قورس.
شكانی ئێسك لە كەوتن و لەدەستدانی هاوسەنگی زۆر ڕوودەدات.
وەرگەڕان بەهۆی بچووكترین بەربەست لە ڕێگا مەترسییەكی باوە.
مەترسی ئاگر و تەقینەوەی پاترییە نادروستەكانیش هەیە لە كاتی شەحنكردن یان بەكارهێنانی هەڵە.
پرسیار بۆ دایك و باوكان؟
پێش كڕینی ئەسكوتەری كارەبایی، پێویستە ئەم پرسیارانە لە خۆتان بكەن:
ئایا منداڵەكەم توانای كۆنترۆڵكردنی ئەم ئامێرە خێرایە هەیە؟
ئایا كەرەستەی پاراستن وەك كڵاو، ئەژنۆپارێز و دەستپێچە تەواو دابین كراوە؟
ئایا منداڵەكە ئاگاداری یاساكانی هاتوچۆ و مەترسییەكانە؟
چەند خولەك ڕاهێنان و كەمێك خەرجی بۆ پاراستن، باشترە لە مانگانەی پەشیمانی دوای ڕووداوێكیاسا و ڕێنمایی لە وڵاتانی پێشكەوتوو.
لە وڵاتانی وەك ئەوروپا و كەنەدا:
تەمەنی كەمترین بەكارهێنان 16 ساڵە.
بەكارهێنانی كڵاو بە یاسا ناچارییە.
گواستنەوەی دوو كەس لەسەر یەك ئەسكوتەر قەدەغەیە.
بەكارهێنان لە شەقامە سەرەكییەكان سنووردارە.
خێرایی سنووردار نزیكەی 24 تا 25 كیلۆمەتر لە كاتژمێردایە.
پێویستە ئەسكوتەر چراغ، برێك و كەرەستەی ستانداردی هەبێت.
پێشنیار:
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان ڕێنمایی و یاسای ڕوون دابنێن بۆ ڕێكخستنی بەكارهێنانی ئەسكوتەری كارەبایی، پێش ئەوەی ببێتە سەرچاوەی كارەسات لە شەقامەكان.


































































